کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشبێنیی هەڵاوسانی ٣٥ لەسەدی بۆ نرخی خۆراک لە ساڵی نوێدا

11:56 - 27 رەشەمه 2723

چالاکانی ئابووری لە بەشی پیشەسازی و وەبەرهێنانی خۆراکدا پێشبێنیان کردووە کە نرخی هەڵاوسانی ساڵی داهاتووی ئەم بەشە زیاتر لە ٣٥ لەسەد دەبێت.

لەم پێوەندییەدا ڕۆژنامەی "دنیای ئێقتساد" لە ڕاپۆڕتێکدا پەرژاوەتە سەر گرفتەکانی دابینکردنی خۆراک لە دوو بەشی بەرهەمهێنان و دابەشکردندا.

دنیای ئێقتێساد لە ڕاپۆڕتەکەیدا هێناویەتی "هۆکارگەلی وەک وشکەساڵی، بێ ئاوی، بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان، کێشەی سووتەمەنییەکان، قەیرانی خۆراکی ئاژەڵان و دەرمانیان لەوانەن کە دەبنە هۆی چڕتربوونەوەی نرخی هەڵاوسان لە ساڵی داهاتوودا".

لە درێژەی ڕاپۆڕتەکەدا بە ئاماژەدا بە سیاسەتە پووڵییەکانی دەوڵەت و بان و خوارکردنی نرخی دراو لە بازاڕ و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر تێچووی بەرهەمهێنان هاتووە کە کۆی گشتیی ئەم هۆکارانە، کەمبوونەوەی بەرچاوی توانای بەرهەمهێنانی لێدەکەوێتەوە و بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسان ئاکامەکەی دەبێت.

حەسەن فرووزان فەرد ئەندامی کۆمیتەی نوینەرانی ژووری بازرگانیی ئێران بە لەبەرچاوگرتنی نرخی هەڵاوسان و پێشبینیی نرخی ٣٥ لەسەدی بۆ ساڵی داهاتوو ڕایگەیاندووە ئەگەر داهاتەکانی فرۆشی نەوت بە ڕێژەی پێویست و دروست دابین بکرێت نرخی هەڵاوسان ٣٥ لەسەد دەبێت، بەڵام ئەگەر ئەمە ڕوو نەدات بە ڕێژەی کەمیی بوودجە، نرخی هەڵاوسانیش بەرزتر دەبێتەوە.

هەموو ئەم پێشبینیانەی ئابووریناسان لەکاتێکدایە کە محەممەدڕەزا فرووتەن بەڕێوبەری گشتیی بانکی ناوەندیی ڕێژیم ڕۆژی پێنجشەممە لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێوبەرانی بانکەکاندا ڕایگەیاندبوو کە بانکی ناوەندیی لە ڕەشەمەی ساڵی داهاتوودا نرخی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ دەگەیەنێتە  ٢٠ لەسەد.

وتەکانی فرووتەن بەرەوڕووی ڕخنەی کارناسانی بواری ئابووری بووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە نرخی هەڵاوسان لە ساڵی داهاتوودا نە تەنیا کەمتر نابێت بەڵکوو بەرزتریش دەبێتەوە.

بەم پێیە هۆکارگەلی وەک ناهاوسەنگی بوودجە، بەرزبوونەوەی باجی دەوڵەتی، سنووردارکردنی هاوردەکردنی ماددەی خاوی بەرهەمهێنان، نرخی دۆلار، ساڵی کۆتایی دەوڵەت و هەروەها گرژییەکانی ناوچەکە و هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ئەمریکا وەک هۆکارگەلێ کە ئابووری ئێران لە ساڵی ١٤٠٣ دەخەنە ژێر کاریگەریی خۆیانەوە لە قەڵەم دراون.