کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی ئەمریکا چەندین مووشەک و کەشتیی حوسییەکانیان تێک شکاند

11:58 - 27 رەشەمه 2723

ڕۆژی شەممە ٢٦ ڕەشەمە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەرتەشی ئەمریکا(سێنتکام)، لەنێوبردنی لانیکەم دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و پێنج کەشتیی زەمینی بێ سەرنشینی میلیشیا حوسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی ڕاگەیاند.

سێنتکام، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا بڵاوی کردەوە، بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە بە کاتی سەنعا، حوسییەکان بە پاڵپشتی ئێران دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان لە یەمەن بەرەو دەریای سوور هەڵداوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، هێزەکانی سێنتکام، بە سەرکەوتوویی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان لەنێو بردووە و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دیکەشان لە دەریای سووردا خستووەتە خوارەوە.

هەروەها، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا زیادی کرد، هێزەکانی ئەم بارەگایە بە مەبەستی بەرگریکردن لە خۆیان، پێنج کەشتیی زەمینی بێ سەرنشین و یەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکان لە یەمەن تێک شکاندووە.

سێنتکام باسی لەوە کرد کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و کەشتییە ئاسمانییەکان هەڕەشەیەکی نزیک بۆ سەر کەشتییە بازرگانی و دەریاییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بوون.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئەم ڕێوشوێنانە بۆ پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی و پاراستنی ئاوە نێودەوڵەتییەکان دەگیرێنەبەر.

لە سەرەتای شەڕی غەززەوە، حوسییەکان بە پاڵپشتیی کۆماری ئیسلامی دەیان هێرشیان کردووەتە سەر کەشتیەکان لە ئاوەکانی ناوچەکە و بانگەشەی پشتیوانی لە فەلەستینییەکان دەکەن.