کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ڕووسیە و هێرشەکانی ئوکراین لەم ڕۆژانەدا

12:32 - 27 رەشەمه 2723

ڕۆژی شەممە ٢٦ی ڕەشەمە لە هێرشێکی مووشەکیی ئۆکراین بۆ سەر شارێک لە ڕۆژاوای ڕووسیە، ٢ کەس کوژران و لە هێرشێکی دیکەدا، ئەرتەشی ئوکراین پاڵاوگەیەکی نەوتی لە ڕووسیە کردە ئامانج.

ئەم هێرشانەی ڕووسیە لە دووهەمین ڕۆژی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ڕووسیەدا ڕوویان داوە.

پێشتر ڤێلادیمێر پووتین ئوکراینی بە ئاڵۆزکردنی هەڵبژاردنەکان تۆمەتبار کردبوو.

لە ڕۆژانی ڕابڕدوودا ئوکراین چەند هێرشێکی بۆ سەر پاڵاوگەکانی ڕووسیە ئەنجام داوە و لە بەرامبەریشدا ڕووسیە هێرشێکی مووشەکیی بۆ سەر بەندەری ئۆدێسا ئەنجام داوە کە لە ئاکامدا ٢٠ کەس کوژران و زیاتر لە ٧٠ی دیکەش بریندار بوون.

لە پاش هیرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین ئەمە یەکەمین هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئەو وڵاتە بۆ سەر خاکی دراوسێ ڕۆژاواییەکەیە.

کرێملین بە هیوایە ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان لە سەرەوە بێت تاکوو بە جیهان ڕابگەیەنێت کە شەڕ لەگەڵ ئوکراین خواستی خەڵکی ڕووسیەیە و خەڵک پشتیوانی لە پووتین و سیاسەتەکانی دەکەن.

جێی ئاماژەیە کە لە چەند شوێنی دەنگدان ناڕازییان لە پووتین و سیاسەتەکانی بە کۆکتێل مۆلۆتۆڤ هێرشیان کردووەتە سەر سەندووقەکانی دەنگدان.

بە باوەڕی زۆربەی چاوەدێرانی بێلایەن هەڵبژاردنەکانی ڕووسیە تەنیا شانۆیەکە و وێدەچێت کە پووتینی تەمەن ٧١ ساڵ بۆ دانیشتنەوە لەسەر کورسیی سەرۆککۆماری بۆ جارێکی تر هیچ گرفتێکی نەبێت.

 زۆربەی ڕەخنەگرانی پووتین یان لە بەندیخانەکاندان یان هەڵاتوون.

 لە ڕۆژانی ڕابردووشدا "ئەلیکسی ناوالنی" بەناوبانگترین دژبەری پووتین لە بەندیخانەیەک لە جەمسەری باکوور بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا.