کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی ڕێژیم بە دابەشکردنی ئێران لە نێوان نەتەوەکاندا

18:52 - 27 رەشەمه 2723

لێکۆڵەرێکی ئیسرائیلی بە ناوی "مۆردخای کیدار" نووسیویەتی دابەشکردنی ئێران بۆ پێنج شەش وڵاتی نەتەوەیی چارەسەرێکە بۆ کۆتاییهێنان بە ڕێژێمی ئیسلامی و هەڕەشە ئەتۆمییەکەی. لە وڵامی ئەم لێدوانانەدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران نووسی ئیسرائیل ئەم ئاواتەی دەنێژێت.

ڕۆژی شەممە ٢٦ی ڕەشەمە، ناسر کەنعانی لە لاپەڕەی فەرمیی وەزارەتی دەرەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس نووسیبووی: مۆردخای کیدار بە نیازە بە هاندانی قەومەکانی ئێران ڕێگە بۆ بەدیهاتنی ئاواتەکەی خۆش کات.

قسەکانی مۆردخای کیدار چەند ڕۆژ لەمەوپێش لە ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست بڵاو کرایەوە، کە ڕایگەیاندبوو باشترین ڕێگا بۆ ڕزگاربوون لە هەڕەشە ئەتۆمییەکەی ئێران ڕووخاندنی ڕێژیمی ئێرانە و بە بۆچوونی ئەو دەبێ ئەم کارە لە ڕێگەی کەمینە نەتەوەییەکانەوە ئەنجام بدرێت. ناوبراو هەروەها بە باسکردن لە ژینا ئەمینی کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە شەهید کرا ڕایگەیاند کە دوای ئەو ڕووداوە هەموو نەتەوەکانی ئێران بۆ بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی و ئازادیی زیاتر لە دژی دەسەڵاتی ناوەندی یەکگرتوو بوون.

مۆردخای کیدار لە زاری کەسێکەوە بە ناوی  سارەنگ زەینی زادە، چالاکی مافی مرۆڤی ئازەربایجانیی دانیشتووی ئەمریکا، نووسیویەتی تورکەکانی ئازەربایجان چارەکێک لە حەشیمەتی ئێران پێکدەهێنن، و ئەگەر خەڵکی ئازەربایجان لەگەڵ کورد و بەلووچ و ئەحوازی و کەمینە نەتەوەییەکانی دیکە یەکبگرن، ئەوا کاری مەلاکان تەواو دەبێت و بەرنامە ئەتۆمییەکەیان دەچێتە زبڵدانی مێژوو.

هەروەها دەڵێ ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەیەوێت کۆتایی بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بهێنێت، پێویستە پشتیوانی لە کەمینە نەتەوەییەکانی وڵاتەکە بکات بۆ ئەوەی بتوانن لە سنووری ئێرانی ئێستادا حکوومەتی نەتەوەیی سەربەخۆ پێکبهێنن.

ناوبراو لە کۆتاییدا دەڵێت بە هەڵوەشاندنەوەی ئێران و سەرهەڵدانی شەش دەوڵەتی نەتەوەیی جیهانێکی باشتر درووست دەبێ.