کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی ١١٠ کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ لە ماوەی ٣ ڕۆژدا

11:51 - 28 رەشەمه 2723

لە ماوەی ٣ ڕۆژی یەکەمی دەسپێکی گەشتە نەورۆزییەکان، ١١٠ کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ لە جاددەکانی ئێران، گیانیان لەدەست داوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ڕەشەمە حەسەن مۆئمێنی بەرپرسی پۆلیسی هاتوچۆ ڕایگەیاندووە کە "لە ماوەی ٣ ڕۆژی ڕابڕدوودا ١١٠ کەس لە ڕووداوەکانی هاتوچۆدا گیانیان لەدەست داوە کە تەمەنی ٢٠ لەسەدی قوربانییان لە نێوان ٢٠ بۆ ٣٠ ساڵ بووە.

مۆئمێنی بە ئاماژەدان بە زۆربوونی ڕێژەی قوربانییانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە جاددەکانی ئێران، ناکارامەیی سزاکانی سەرپێچێکردنی لە یاساکانی شۆفێریی بە هۆکاری ڕووداوەکان زانی و ڕایگەیاندووە ئەگەر سزاکان قورستر و نرخیان گرانتر بکرێت، ڕێژەی ڕووداوەکانی هاتوچۆش کەمتر دەبێتەوە"..

ئەم وتانەی بەرپرسی پۆلیسی هاتوچۆی ڕێژیم لەحاڵێکدایە کە لە ساڵانی ڕابردووشدا چەند جار سزاکانی شۆفێری لەلایەن دەوڵەتەوە قورستر کراوە، بەڵام هیچ کاریگەرییەکی بەرچاوی لە کەمکردنەوەی ڕێژەی ڕووداوەکانی هاتوچۆدا نەبووە.

بە باوەڕی شارەزایان زۆربەی ڕووداوەکانی هاتووچوو لە ئێران ٢ هۆکاری هەیە کە ئەوانیش ناستانداردبوونی ماشین و ڕێگاوبانەکانی ئێرانە.

زۆربەی خەڵکی ئێران لە ڕووی ناچارییەوە کەڵک لە ماشینی ئێرانی وەردەگرن کە لە پێوەرەکانی ستانداردی جیهانی بێبەرین و هەروەها لە کاتی ڕووداودا ناتوانن گیانی سەرنشینەکان بپارێزن.

لەلایەکی دیکەوە دۆخی خراپی ڕێگاوبانەکان لە ئێران یەکێکی دیکە لە هۆکارگەلی سەرەکیی ڕووداوەکانی هاتوچۆیە کە لەلایەن ڕێژیمەوە هیچ گرینگییەکی پێ نادرێت و دۆخی ڕێگاکان بەتایبەت لە ناوچە پەراوێزخراوەکان و دوور لە ناوەند لە کەمترین پێوەرە و ستانداردەکان بێبەرین، بە شێوەیەک کە لە هەندێک شوێن هێشتا ڕێگاکان قیر نەکراون یان قیرەکانیان ئەوەندە کۆن بووە کە پڕن لە چاڵوچۆڵ کە ئەمانە دەبنە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ.

شایانی باسە کە نەبوونی چاوەدێری و کۆنتڕۆڵی پێویست بە سەر ڕێگاوبانەکان و بەشی گواستنەوە، یەکیکی دیکە لە هۆکارەکانی ڕێژەی زۆری ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ئێراندایە.