کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆمیته‌ی هه‌ڵبژێردراوی ڕێژیم بۆچوونی خۆی له‌سه‌ر شۆڕشی ژینا بڵاو كرده‌وه

11:53 - 28 رەشەمه 2723

ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکۆماری رێژیم، دوای تێپه‌ڕینی ساڵێک له‌ شۆڕشی ژینا كۆمیته‌یه‌کی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕووداوه‌كان دامەزراندووە.

ڕاپۆرتی كۆمیته‌كه‌ی ڕه‌ئیسی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ٢٧ی ڕه‌شه‌مه‌ له‌ ماڵپه‌ڕێكی سه‌ر به‌ ڕێژیم بڵاو كرایه‌وه‌.

له‌و ڕاپۆرته‌ چه‌واشه‌كارانه‌‌دا، ڕێژه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا شه‌هید كران ٢٠٢ كه‌س ڕاگه‌یەندراوه‌، و هه‌روه‌ها نووسراوه‌  زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ گیانیان له‌ده‌ست داوه‌ چه‌كدار بوون و له‌ كارێكی تێرۆریستدا کوژراون یا ڕێبوار بوون و له‌لایه‌ن خه‌ڵكی ناڕازییەوە  به‌ شێوه‌ی ئه‌نقه‌ست و ئاگاهانه‌ كوژراون.

له‌ به‌شێكی دیكه‌دا له‌باره‌ی شه‌هید بوونی ژینا ئه‌مینی نووسراوه‌ كه‌ هیچ زه‌رب و لێدانێک له‌ هیچ كاتێكدا لهلایه‌ن هێزه‌كانمانه‌وه‌ به‌ر ناوبراو نه‌كه‌وتووه‌.

هه‌روه‌ها باس له‌ هێزه‌كانی ڕێژیمی ئێران كراوه‌ و نووسراوه‌ كه‌ ناوه‌نده‌ ئه‌منییه‌تی، دادوه‌ری و ئینتزامییه‌كانی رێژیم له‌ به‌رانبه‌ر ناڕەزایه‌تییه‌كاندا به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رپرسانه‌ هه‌ڵسوكه‌وتیان كردووه‌.

به‌پێی ناوه‌ڕۆكی ئه‌و ڕاپۆرتهی ڕێژیم‌، ئه‌وه‌ی كه‌ ساڵی ڕابردوو ڕووی دا پیلان و به‌رنامه‌یه‌ک بووە كه‌ له‌لایه‌ن هەندێک له‌ وڵاتانی دیكه‌ به‌ دژی ڕێژیم داڕێژراوە.

ئه‌و ڕاپۆرته‌ پڕ له‌ ناڕاستی و چه‌واشه‌یه‌، به‌ واژۆی حوسێن موزه‌فه‌ری به‌رپرسی كۆمیته‌كه‌ بڵاو كراوه‌ته‌وه.

بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە و چەواشەکاری لە ڕاستییەکان لەکاتێکدایە کە ماوەیەک پێش ئێستا، گرووپی هاکێریی عیداڵەتی عەلی بە بڵاوکردنەوەی هەندێ بەڵگەی هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیم بە بەڵگە باسی لە هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ بێدەنگکردنی باوکی ژینا ئەمینی و گۆڕینی ئاقاری ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان کردبوو.