کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسەرکار لابردنی بەرپرسی مێترۆی تاران دوابەدوای گەمارۆکان لەلایەن کاناداوە

14:05 - 28 رەشەمه 2723

حەفتەیەک پاش سەپاندنی گەمارۆ بە سەر مەسعوود دۆرۆستی لەلایەن دەوڵەتی کاناداوە، ناوبراو لەسەر کارەکەی وەکوو بەرپرسی مێترۆی تاران لابردرا.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی ڕەشەمە، عەلیڕەزا زاکانی، شارەداری تاران بە دەرکردنی حوکمێک مەسعوود دۆرۆستیی لەسەر کارەکەی لابرد و ڕەزا محەممەدنژادی لە جێگاکەی دانا.

مەسعوود دۆرۆستی، حەفتەی پێش بە هۆی پێشێلکردنی بەربڵاو و سیستماتیکی مافی مرۆڤ لەلایەن دەوڵەتی کاناداوە گەمارۆی خرابووە سەر.

ناوبراو پاش سەپاندنی گەمارۆکان لەلایەن کاناداوە لە هەوڵی دەست لەکارکێشانەوەدا بوو و لە کۆبوونەوەی بەرپرسانی شاردا ڕایگەیاندبوو کە بە شێوەی یەکجاری و لەناکاو پرسی عیفاف و حیجاب هاتووەتە نێو چوارچێوەی بەرپرسایەتی و کاروبارەکانی ئەم بەشەوە.

دۆرۆستی هەروەها ڕایگەیاندبوو کە چەندین مانگ بە پاڕانەوە هەوڵی وەرگرتنی پێرسۆنێلی پسپۆڕمان داوە بەڵام لەناکاو، مێترۆ کۆمەڵێک حیجاببانی لەم بەشە دامەزراند.

دەوڵەتی کانادا لە ڕۆژی ١٨ی ڕەشەمە، هاوکات لەگەڵ ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژناندا، بەرپرسی مێترۆی تارانی بە هۆی هەبوونی حیجاببانەکان لە مێترۆی تاران و پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ سەبارەت بە ژنان و کچان، خستە نێو لیسی گەمارۆوە.

ماڵپەڕی دیدەبانی ئێران لەمبارەوە وتی کە مەسعوود دۆرۆستی هەوڵی کۆچکردن و چوونەدەرەوە لە ئێرانی داوە کە لەلایەن کاناداوە گەمارۆی خراوەتە سەر.