کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکەوتنی پووتین لە هەڵبژاردنەکانی ڕووسیە لەژێر سیبەری سەرکوتی ئۆپۆزسیۆندا

14:06 - 28 رەشەمه 2723

ڤێلادیمێر پووتین لە هەڵبژاردنیکی چاوەڕوانکراو و لەژێر سێبەری سەرکوتی دژبەرانیدا، بۆ جارێکی تر پۆستی سەرۆککۆماریی ڕووسیەی بە دەست هێنا.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ناوەندی بیر و ڕای گشتیی ڕووسیە شەوی یەکشەممە ٢٧ی ڕەشەمە و پاش کۆتایهاتنی هەڵبژاردنەکان، ڤێلادیمێر پووتینی تەمەن ٧١ ساڵ بە ٨٧.٨ لە سەدی دەنگەکان بۆ جارێکی تر پۆستی سەرۆککۆماریی ڕووسییەی بە دست هێنایەوە و بۆ ماوەی ٦ ساڵی دیکە ڕێبەری ڕووسیە دەبێت.

پووتین لە یەکەم لێدوانیدا پاش سەرکەوتن وتی: "ئەم هەڵبژاردنە نیشانی ئەدات کە مۆسکۆ لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڕۆژاوا و هێرش بۆ سەر ئۆکراین ڕاستە و خەڵکی ڕووسیە پشتیوانی لێ دەکەن.

پووتین لە دریژەی قسەکانی بۆ لایەنگرانی خۆی لە مۆسکۆ ڕایگەیاندووە "شەڕی ئۆکراین دەخاتە پێش هەموو شتێکەوە و ئەرتەشی ڕووسیە بەهێزتر دەکات.

سەرکەوتنی پووتین لەم هەڵبژاردنانەدا لەکاتێکدایە کە دژبەرانی پووتین بە توندی سەرکوت کراون و ئۆپۆزسیۆنیش ڕێگەی بەشداریکردنی پی نەدراوە.

لەم پێوەندییەدا وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کە هەڵبژاردنەکانی ڕووسیە ئازاد و دادوەرانە نەبووە و پووتین دژبەرانی بەند کردووە و ڕێگەی بە بەشداریکردنی هیچ یەک لە بەربژێرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی نەداوە.

هەروەها ڕۆیتێرز لە ڕاپۆڕتێکدا ڕایگەیاندووە کەڕێگە بە هیچ دامەزراوەیەکی سەربەخۆ و جیا لە حکوومەتی ڕووسیە لەم هەڵبژاردنەدا نەدراوە تاکوو ڕوونی بکەنەوە چەند کەس لە هاووڵاتیاینی ڕووسی کە مافی دەنگدانیان هەیە، دەنگیان داوە.

شایانی باسە کە هەڵبژاردنەکان بە ڕەچاوکردنی ڕێوشوێنی توندی ئەمنییەتی و بە بەشداریی دەیان هەزار پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان بەڕیوە چووە.

ڕێکخراوی سەربەخۆی "ئۆ ڤی دی ئینفۆ" کە هەواڵی سەرکوتی دژبەران لە ڕووسیە بڵاو دەکاتەوە ڕایگەیاندووە کە لە ڕۆژی کۆتایی هەڵبژاردنەکاندا زیاتر لە ٨٠ کەس لە ١٧ شاری ڕووسیە لە کاتی خۆپیشاندان بە دژی پووتین دەسبەسەر کراون.

 

ئەلێکسی ناوالنی ڕێبەری ئۆپۆزیسیۆنی ڕووسیە کە ماوەیەک پێش لە بەندیخانە بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا داوای لە دژبەرانی پووتین کردبوو کە لە کاتێکی دیاریکراودا بچنە ناوەندەکانی دەنگدان و ناڕەزایەتیی خۆیان بە پووتین و شەڕی ئۆکراین نیشان بدەن.

بەم پێیە دژبەرانی پووتین باسیان لە بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک لەژێر ناوی "نیوەڕۆ بە دژی پووتین" لە کۆتا ڕۆژی هەڵبژاردنەکان کردبوو کە بەرەوڕووی هەڕەشەی توندی بەرپرسانی ڕووسی بوونەوە.

لە پێوەندی لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکراین، ڤێلادیمێر زێلێنێسکی سەرۆککۆماری ئۆکراین کاردانەوەی نیشان دا و ڕایگەیاند پووتین دەیهەوێت بە شانۆی هەڵبژاردن بۆ هەمیشە لە دەسەڵاتدا بمینێتەوە بەڵام دەبێت کە لە دادگای لاهە دادگایی بکرێت و ئێمە بەڵێنیی ئەوە ئەدەین.

دادگای نێونەتەویی لاهە ٢٦ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو بڕیاری دەسبەسەرکرانی پووتینی بە هۆی بەشداریکردن لە ڕفاندنی منداڵانی ئۆکراینی، دەر کردووە.