کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پووتین هەرەشەی دەسپێکردنی شەڕی جیهانیی سێهەمی لە ناتۆ کرد

14:19 - 28 رەشەمه 2723

ڤێلادێمیر پووتین، سەرۆکۆماری ڕووسیە ڕایگەیاندووە کە دەرگیریی ڕاستەوخۆی ناتۆ و ڕووسیە ئەتوانێ شەڕی جیهانیی سێهەم بەدوای خۆیدا بێنێت.

ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەشەمە، پووتین هۆشداریی بە ڕێبەرانی ڕۆژاوا دا کە دەرگیرییان لەگەڵ ڕووسیە، جیهان لەگەڵ شەڕی جیهانیی سێهەم بەرەوڕوو دەکاتەوە و کەسێک سێناریۆی وای ناوێت.

پووتین هەروەها سەرەڕای ئەوەی کە چەندین جار سەبارەت بە شەڕی ناوکی قسەی کردووە، ڕایگەیاند کە تاکوو ئێستا لە شەڕ لەگەڵ ئۆکرایندا هەستی بە پێویستیی کەڵکوەرگرتن لە چەکی ناوکی نەکردووە.

ناوبراو لە وڵامی قسەکانی ماکرۆن، سەرۆکۆماری فەرانسەدا سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی زەمینیی ناتۆ لە ئۆکراین دژی هێزەکانی ڕووسیە وتی هەموو شتێک لە دنیای مۆدێڕندا ئیمکانی هەیە.

ماکرۆن ماوەیەک پێش وێڕای ڕایگەیاندنی هاودەنگی لەگەڵ ئۆکراین ڕایگەیاندبوو کە هیچ بژاردەیەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕووسیە وەک ناردنی هێزی زەمینی نابێ چاوپۆشیی لێ بکرێت.