کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی ئامریکا مووشەکێکی حوسییەکانیان لە دەریای سوور خستە خوارەوە

13:58 - 12 رەشەمه 2723

فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند، ئەمریکا موشەکێکی بالستیکی خستووەتە خوارەوە کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حوسییەکان لە یەمەن ئامادەی هێرش بۆ سەر کەشتیوانی لە دەریای سوور بووە.

بە پێی ڕاگەیەندراوی سێنتکام، دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ١١ڕەشەمە، ئەم مووشەکە وەک مەترسییەکی نزیک بۆ سەر فڕۆکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە ناسێندراوە و بۆ بەرگریکردن لە کەشتیوانیی دەریای سوور کراوەتە ئامانج.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە، ئێوارەی ڕۆژی هەینی حوسییەکان مووشەکێکی بالستیکی دژەکەشتییان بەرەو دەریای سوور ئاراستە کردووە، بەڵام هیچ کەشتییەک لە ئاوەکانی ناوچەکەدا زیانی پێ نەگەیشتووە.

حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت، بۆ ماوەی چەندین حەفتە بەردەوام کەشتییەکانی ناو دەریای سوورییان دەکردە ئامانج و دەڵێن ئەوە هەڵمەتێکی پشتیوانیکردن لە فەلەستینییەکانی غەززەیە.

هێرشەکانی حوسییەکان بوونە هۆی تێکدانی ڕێڕەوی کەشتییە بازرگانییەکان لە یەکێک لە گرینگترین ڕێڕەوە ئاوییە بازرگانییەکانی جیهاندا؛ زۆرێک لە کۆمپانیا بازرگانییە جیهانییەکانیش لە ترسی هێرشی حوسییەکان لەو دەریایەدا ناچار بوون چیتر ئەو ڕێرەوە ئاوییەی دەریای سوور بەکار نەهێنن و ڕێڕەوێکی دیکەی دوورودرێژ بە دەوری ئەفریقای باشووردا بگرنەبەر.

دەریای سوور رێڕەوێکی گرینگی گواستنەوە لە نێوان ئاسیا و ئورووپایە، بە جۆرێک کە ١٢ لەسەدی بازرگانیی جیهان لەم دەریایە ئەنجام دەدرێت.