شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی مامۆستایانی ئێران لە پەیامێکدا بەبۆنەی نەورۆز و دەسپێکی ساڵی نوێ، بەرابەری، خۆشی، خۆشەویستی و ژیانی سەربەست بە مافی هەموو خەڵکی ئێران زانی و ڕایگەیاند کە بە هاودڵی و یەکگرتوویی خەڵک، هەموو بەربەستەکان بۆ ژیانێکی یەکسان و ئازادانە، لادەبرێت.
لەم پەیامەدا هاتووە "لە ماوەی یەک ساڵی ڕابڕدوودا هەر وەک ساڵانی پێشووتری، قوتابییان لەژێر قامچی پەروەردەی ئیدۆلۆژیکدا وەک کاڵا چاویان لێ کرا و هەموو حەز و مەیلیان بۆ خوێندن و فێربوون لەنێو چوو، وازهێنان لە خوێندن بەبۆنەی هەژارییەوە زیادی کرد و منداڵانی کار دووبارە بوونەوە و جیاوازی پەروەردە لە ناوەند و پەراوێز گەشەی کرد و قووڵتر بووەوە".
هەروەها لە درێژەی پەیامەکەدا هاتووە "مامۆستاکان لە کردن بە پادگانی قوتابخانەکان و کوشتنی کەرامەتی مرۆڤی لە ڕەنج و ئازاردان و کەسە بەرجەستە و هەڵکەوتووەکانیان ڕەوانەی بەندیخانە کران یان دەرکران و لە شوێنی خۆیان دوور خرانەوە".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا ئاماژە بە سیاسەتە ئابوورییە هەڵەکانی ڕێژیم و هەڵاوسان و گرانی و ژیانی دژواری خەڵک کراوە.
ئەم شۆرایە لە کۆتایی پەیامەکەیدا هەموو ئەم شتانەی کە باسی لێ کرا بە ئاکامی حاکمییەتێکی نادێموکراتیک، هێژمۆنیی توندوتیژی و سەرکوت و وڵامدەرنەبوونی کەسانی سەروویاسایی زانی و جەختی کردووەتەوە کە بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنەکان لەلایەن خەڵکەوە نیشانەی ناڕەوابوونی ڕێژیمە و هەروەها دەرخەری ناڕازیبوونی خەلکە لە شێوەی حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامی.