کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی ڕێبەرانی جیهان بە سەرکەوتنی پووتین پاش هەڵبژاردنەکانی ڕووسیە

11:04 - 29 رەشەمه 2723

پاش کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکانی ڕووسیە ژمارەیەک لە بەرپرسانی وڵاتانی ئورووپایی هەڵبژاردنەکەیان بە "نایاسایی" لە قەڵەم دا و ئێران و چین و کۆرەی باکوور پیرۆزباییان بە پووتین وت.

پاش کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ڕووسیە و سەرکەوتنی پووتین بۆ جارێکی تر لە هەڵبژاردنێکی چاوەڕوانکراودا، وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان، ئیتالیا، فەڕانسە، بریتانیا و نۆروێژ و ژمارەیەکی دیکە لە وڵاتانی ئورووپا سەرکەوتنی پووتینیان مەحکووم کرد و هەڵبژاردنەکەیان بە هەڵبژاردنێکی نادادوەرانە لە قەڵەم دا.

هەروەها جۆزێپ بۆرێڵ بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا لە کاردانەوە بە سەرکەوتنی پووتین لە هەژماری ئیکسی خۆیدا نووسی: "هەڵبژاردنەکانی ڕووسیە ئازاد و دادپەروەرانە نەبووە و لە کەشێکی پر لە سەرکوت و تۆقاندندا ئەنجام بووە".

بۆرێڵ هەروەها بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی لە ناوچە داگیرکراوەکانی ئوکراین مەحکووم کرد.

لەلایەکی دیکەوە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران و ژمارەیەکی دیکە لە لایەنگرانی پووتین و سیاسەتە شەڕئەنگێزییەکانی پیرۆزباییان لە سەرۆککۆماری ڕووسیە کردووە.

لەم پێوەندییەدا سەرۆکانی وڵاتی ئێران، چین، هێند، ڤێنۆزۆئێلا و کۆرەی باکوور پیرۆزبایی خۆیان ئاراستەی پووتین کردووە.

شایانی باسە کە ڕووسیە یەکێکە لەو وڵاتانەی کە کەمترین ئاستی ئازادیی سیاسیی تێدا بوونی هەیە.

ڤێلادیمێر پووتین بە ئامانجی درێژەدان بە دەسەڵاتی خۆی یاسای بنەڕەتیی ڕووسیەی گۆڕی و کۆنتڕۆڵی خۆی بە سەر دەزگای دادوەریی وڵاتدا زیاتر کرد.