کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥٤ وڵاتی جیهان خوازیاری کۆتاییهێنان بە سەرکوتی ژنان و مافی خەڵکانی ئێران بوون

16:19 - 29 رەشەمه 2723

٥٤ وڵات لە بەیاننامەیەکدا ڕوو لە شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وێڕای ڕەخنەگرتن لە نالەباربوونی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران داوایان کرد کە کۆماری ئیسلامی، کۆتایی بە پشتیوانی لە پێشێلکارانی مافی مرۆڤ لە ئێران بێنێت.

ئەم وڵاتانە لە بەیاننامەکەی خۆیاندا جەختیان لەسەر نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە مافەکانی ژنان کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە بەپێی گەڵاڵەیەک کە بڕیارە لەلایەن مەجلیسی ڕێژیمەوە پەسەند بکرێ، ئەو ژنانەی کە حیجابی زۆرەملێ ڕەچاو نەکەن، بە ١٠ ساڵ بەندکران و لێدانی قامچی و قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە ئێران مەحکووم دەکرێن.

لەم بەیاننامەیەدا بە ئاماژە بە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی شۆڕشی ژینا کراوە کە ڕێبەرانی ڕێژیمی ئێران لەم سەرکوتکارییەدا بەئەنقەست جینایەت دژی مرۆڤایەتی، سەرکوتی ڕەگەزی و توندوتیژی دژی ژنانی ئەنجام داوە.

دەوڵەتی بریتانیاش لەم کۆبوونەوەیەدا دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێرانی نالەبار ناو برد و ڕایگەیاند کە لە ساڵی ڕابردوودا، ڕێژیمی ئێران زیاتر لە ٨٠٠ کەسی لە سێدارە داوە و لە سەرکوتی ژنان بەردەوام بووە و دەنگی ژنانی بە سەرکوت کپ کردووە.

نوێنەری بریتانیا ڕایگەاند کە کەشی ئازادییە مەدەنییەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبێ و بەرگریکارانی مافی مرۆڤ دەکرێنە ئامانجی سەرکوتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

نوێنەری بریتانیا باسی لە هەڵاواردنەکانی دەسەڵات دژی نەتەوەکانی دیکە و ئایینە جیاوازەکان و بەتایبەت ڕێژەی زۆری لەسێدارەدرانی نەتەوەکانی کورد و بەلووچ  کرد و لەمبارەوە نیگەرانیی خۆی دەربڕی.

ناوبراو لە کۆتاییدا ڕایگەیاند کە کاتی ئەوە هاتووە کە ئەم پرسە کۆتایی پێ بێت و ڕێبەرانی ڕێژیم لە بەرانبەر کردەوەکانی خۆیان لە بواری مافی مرۆڤ وڵامدەر بن  و خەڵکانی ئێرانیش بە شێوەی داداپەروارانە دەستیان بە مافە بنەڕەتییەکانی خۆیان ڕابگات.