کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشی حوسییەکانی کرد

16:22 - 29 رەشەمه 2723

ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هێرشەکانی حوسییەکانی یەمەنیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور مەحکووم کرد و خوازیاری کۆتاییهێنان بەو هێرشانە بوون.

لەم پێیوەندییەدا سێنتکام، لەنێوبردنی حەوت مووشەکی دژە کەشتی و سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سێ کانتینەری هەڵگرتنی چەکی حوسییەکانی ڕاگەیاند.

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئێوارەی دووشەممە ٢٨ ڕەشەمە، لە بەیاننامەیەکدا هێرشی حوسییەکانی یەمەنی بۆ سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکانی دەریای سوور بە توندی مەحکووم کرد و داوای  ڕاگرتنی دەستبەجێی هەموو ئەو هێرشانەی کرد.

کەشتیی ڕوبیمار کە خاوەنەکەی بەریتانیایە، مانگی ڕابردوو لە دوای هێرشی حوسییەکان لە دەریای سووردا نوقم بوو، ئەم کەشتییە کە هەڵگری ٢١ هەزار تۆن کوود بوو لە ئاوەکانی نێوان یەمەن و ئێریترەدا لەلایەن حوسییەکانەوە کرایە ئامانج.

لەلایەکی دیکەوە کەشتیی یونانیی '' ترو کانفیدنس'' بەهەمان شێوە بەهۆی هێرشی حوسییەکانەوە ئاگری گرت و سێ کارمەندی ئەم کەشتییە گیانیان لەدەست دا.

حوسییەکان بە مەبەستی پاڵپشتی لە حەماس لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیلدا، ڕایانگەیاندووە کە هەموو کەشتییە بازرگانییەکانی ئیسرائیل دەکەنە ئامانجی هێرشەکانی خۆیان.