کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیاریکردنی خەڵاتی ١٠ میلیۆن دۆلاری بۆ دۆزینەوەی هاکێرێکی ڕێژیم

14:02 - 12 رەشەمه 2723

وەزارەتی دادی ئەمریکا هاکێرێکی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی بە ڕێکخستنی ئۆپەراسیۆنی سایبێری دژی دامەزراوە دەوڵەتییەکانی ئەم وڵاتە تۆمەتبار کرد.

عەلیڕەزا شەفیعی ‌نەسەب هاکێری سەر بە سپای پاسداران بە بەشداربوون لە هێرشی سایبێری بۆ سەر دامەزراوە دەوڵەتی و تایبەتییەکانی ئەمریکا وەک وەزارەتەکانی خەزێنەداری و دەرەوەی ئەمریکا و دوو کۆمپانیا لە نیۆیۆرک، تۆمەتبار کراوە.

هەر بەم بۆنەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ هەر زانیارییەک کە ببێتە هۆی ناسین یان دۆزینەوەی شوێنی ئەم هاکێرەی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران، خەڵاتێکی ١٠ میلیۆن دۆلاریی تەرخان کردووە.

شەفیعی نەسەب بە یارمەتیی چەند هاکێری دیکەی گرووپێکی سایبێری، لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٦ تا ٢٠٢١ی زایینیدا لە هەوڵی هاککردنی سیستمە کامپیۆتێرییەکانی دوو وەزارەتی خەزێنەداری و دەرەوی ئەمریکا و هەروەها دەیان کۆمپانیای سەر بەو وڵاتە بووە.

ناوبراو وەک پسپۆڕی ئەمنییەتی سایبێری لە کۆمپانییەکی سەر بە سپای پاسداران بە ناوی "مەحەک ڕایان ئەفزار" دامەزراوە و ڕۆڵێکی گرینگی لە هێرشە سایبێرییەکان و دانانی داوی ئینتێرنێتی هەیە.

شایانی باسە کە پێشتریش چەند کەس لە بەرپرسانی کۆمپانیای "مەحەک ڕایان ئەفزار" لەلایەن ئەمریکاوە خراونەتە نێو لیستەی گەمارۆکانەوە.