کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەریبا بەلووچ بوو بە براوەی خەڵاتی نێونەتەوەیی ژنانی بوێری ٢٠٢٤

14:04 - 12 رەشەمه 2723

فەریبا بەلووچ چالاکی مافی مرۆڤ لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە وەک یەکێک لە براوەکانی خەڵاتی نێونەتەوەیی ژنانی بوێری ساڵی ٢٠٢٤ی زایینی ناسێندرا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ١١ی ڕەشەمە بە ئاماژەدان بەوەی کە ناوی فەریبا بەلووچ لە نێو ١٣ براوەی ئەم خەڵاتەدایە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: ناوبراو بە ئاشکرا باس لە مافی ژنان و قەیرانی مافی مرۆڤ لە بەلووچستان دەکات کە بە چڕی لەژێر باری توندوتیژیی ڕێژیم و هەروەها هەڵاواردنی سیستماتیک و لەسێدارەداندایە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ئاماژەدان بە گوشارەکانی ڕێژیم بۆ سەر فەریبا بەلووچ ڕایگەیاند: سەرەڕای هەموو ئەم گوشارانە خاتوو فەریبا بەلووچ لەو بڕوایەدایە کە تاکەڕێگە خۆڕاگرییە و لە سەر چالاکییەکانی خۆی سوورە.

بە وتەی ئەم وەزارەتە خەڵاتی ژنانی بوێر کە لە ساڵی ٢٠٠٧ی زاینییەوە دیاری کراوە، بەو ژنانەی دەدرێت کە بوێری و بەهێزی و ڕێبەریی خۆیان سەبارەت بە بەرگری لە ئاشتی و مافی مرۆڤ و هەروەها هەڵاواردنی ڕەگەزی و بەهێزکردنی ژنان و کچان، نیشان ئەدەن.

ئەم خەڵاتە ڕۆژی ١٤ی ڕەشەمە لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و جیل بایدێن خاتوونی یەکەمی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشکەش براوەکان دەکرێت.