برایم چووکەڵی
ڕۆڵە گیان، ئەگەر من مردم نابێ له‌سه‌ر له‌شی بێ‌گیانی باوکی پێشمەرگەت فرمێسک هەڵوەرێنی. نابێ ڕه‌ش بپۆشی و نەیاران و دوژمنی خۆت به خۆت و نه‌ته‌وه‌که‌ت خۆش بکه‌ی. چاوێک لە مێژووی خه‌باتی خوێناویی گه‌لانی زۆرلێکراو بکە، بۆت ده‌ر ده‌که‌وی گه‌یشتن به ئازادی و سەربەستی گیان و ژیانی سەدان و هەزاران ڕۆڵەی وەک منی پێویستە. ئازادی خوێنباییه‌کی گرانه و به لافاوی خوێنی هه‌زاران لاوی دڵسوتاوی دڵ پڕ له گڕی نیشتانپه‌روه‌ری وه‌دی دێت. "هەگبەی شاخ و شۆڕش" ئەمجارە ڕوی کردووەتە شاهۆ، چیای سەرکەش و سەربەرز و لەنێو ئاسمانی کاروانی فەرماندەرانی شەهیدی ئەو مەڵبەندەدا، ژیان و به سه‌رهاتی فەرماندەی قارەمان، ئەڕشەد ڕەزایی دەنووسێتەوە.
شەهید ئەڕشەد ڕەزایی ساڵی ١٣٤١ی هەتاوی لە ئاوایی شۆشمێ سەر بە شاری نەوسوود لەنێو ئامێزی بنەماڵەیەکی خۆشناو و ڕێزداردا چاوی بە دنیای ڕوون کردەوە. بەرەبەرە کە گەورە بوو نێردرایە قوتابخانە و پۆلەکانی خوێندنی هەتا سێهەمی ناوەندی بە سەرکەوتوویی بڕی. بەڵام دواتر بەهۆی وەزعی نالەباری ژیان و دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکان دژی ڕێژیمی پاشایەتی نەیتوانی درێژە بە خوێندن بدات. پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئێران و عێراق بە هۆی ئەوەی گوندی شۆشمی لەژێر ئاگری هەردوو ئەو وڵاتەدا بوو، بەناچاری ماڵی ئەڕشەد ڕەزایی وەک زۆر بنەماڵەی دیکەی ئەو مەڵبەندە لە زێدی خۆیان هەڵکەندران و لە باشووری کوردستان گیرسانەوە.
شەهید ئەڕشەد ڕەزایی ساڵی ١٣٦٠ پێوەندیی بە کۆمیتەی حیزب لە هەورامان گرت و وەک لایەنگری حیزب دەستی بە تێکۆشان کرد، بەڵام دواجار جینایه‌ته‌كانی هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی له كوردستان ئەڕشەدیان هێنایه سەر ئه‌و بڕوایه کە هەر لەو ساڵەدا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڕێژیم بێتە نێو ڕیزی پێشمه‌رگه‌كانی هێزی شاهۆوە، و شانبه‌شانی تێکۆشەرانی ئەو مەڵبەندە له سه‌نگه‌ری خه‌بات و تێكۆشاندا شانازی بخوڵقێنێ. ئەڕشەد هه‌ر زوو نیشانی دا پیشمه‌رگه‌یه‌كی ئازا و قاره‌مانه و له‌پێناو ئامانجه‌كانی حیزب و گه‌له‌كه‌یدا ئامادەیه گیانیشی ببه‌خشێ. ئەو له چه‌ندین عه‌مه‌لیات دژی هێزه‌كانی ڕێژیم‌دا ئازایه‌تیی خۆی نواند و هه‌موو لێوه‌شاوه‌یی خۆی بۆ خزمه‌تی حیزب و گه‌له‌كه‌ی ته‌رخان كرد؛ بەوەش زۆر زوو جێگای خۆی له‌نێو هاوسهنگهرانیدا کردەوە. ئەڕشەد له شه‌ڕه‌كاندا ئازا و به‌وره و له به‌ڕێوه‌بردنی مه‌ئموورییه‌ته جۆراوجۆره‌كاندا سەرلەپێناو بوو. کاری بەردەوام، خۆماندووکردن، هەڵسووڕانی بەرچاو، فیداکاری و لەخۆبوردوویی لە تایبەتمەندییەکانی ئەڕشەد بوون کە بوونە هۆی ئەوەی سەرەتا وەک سەرپەل، دواتر جێگری دەستە، پاشان فەرماندەی دەستە و کادری سیاسی و؛ دواجار وەک فەرماندەری لک دیاری بکرێت.
شەهید ئەڕشەد پێشمەرگەیەکی هەڵسووڕ و فەرماندەیەکی لێوەشاوە بوو، گورجوگۆڵ و کارلێهاتوو بوو، بەدەستوبرد و زەبروەشێن بوو، و نەعرەتەی شێرانەی زراوی دوژمنی بردبوو. شەڕە حەماسییەکانی کەللەقەندی، ئاوسێ، نێوشاری نەوسوود، قەڵاگا، شۆشمێ، شەڕەکانی کۆساڵان و پشتی تەنگیسەر، ناوچەی داڵاهۆ و سەلاسی باوەجانی، بەمۆ و چیای نۆدشە نموونەیەکی بچووک لە قارەمانەتی، ئازایەتی و فەرماندەیی ئەڕشەدی ڕەزایین. ئەڕشەد ساڵی ١٣٧١ نەقلی کۆمیتەی ئەمنیەت کرا و لەو ئورگانەش زۆر بە ڕێکوپێکی کارەکانی خۆی بەرێوە برد و پاش ساڵێک لە سازماندەیی نوێ‌دا وەک ئەندامی کۆمیتەی شارستانی پاوە و فەرماندەری دەستەی کوماندۆ دیاری کرا.
شەهید ئەڕشەد ڕەزایی ڕۆژی ٢٨ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی لە کاتێکدا لە مەئموورییەتێکی حیزبی لەگەڵ ٦ هاوسەنگەری دیکەی لە ناوچەی هەورامان دەگەرانەوە، بە پیلانی خائینانەی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستانی عێڕاق تەحویلی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی درانەوە و به‌و شێوه‌یه قۆناغێكی تازه له ژیانی سیاسیی ئەڕشەد ئەمجارەیان لەنێو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی‌دا ده‌ستی پێكرد.
لەو ٧ کەسە کە له زیندانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی‌دا كه‌وتبوونه به‌ر ئه‌شكه‌نجه‌ی قورس و دڕه‌ندانه، یەکیان ڕزگار بوو. بەپێی گێڕانەوەی ئەو هاوڕێیە جەللادانی ڕێژیم زۆریان هه‌وڵ دابوو به‌چۆكیان دابێنن و ئیراده‌ی پێشمه‌رگانه‌یان تێك بشكێنن، به‌ڵام ئه‌وان كه ئیمانیکی قووڵیان به حیزبه‌كه‌یان هەبوو، لێوه ئهمیندارهكانیان هه‌ڵنه‌پچڕی و دڵی خۆیان كرده گەنجینەی سەربەمۆری نهێنییه‌كانی حیزب. ئەوان زیندانیان كرده مەتەرێزی شه‌ڕ و به‌ربه‌ره‌كانی له‌گه‌ڵ ڕێژیمی ئاخوندی و له‌م بواره‌شدا ڕووسوور هاتنه‌ده‌ر و نیشانیان دا بەحەق پێشمه‌رگه‌ی حیزب و گەلەكهیانن.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی كاتێك زانی ناتوانێ به‌سه‌ر ئیمانی کوڕانی دێموکرات‌دا سه‌ركه‌وێ، ئەڕشەد ڕەزایی و ٥ هاوڕێیەکەی بە ناوەکانی محەممەدعەزیز قادری، یۆنس محەممەدپوور، عەدنان ئیسماعیلی، موزەفەر کازمی و مەعرووف سۆهرابیی ئێعدام کرد. ئەو تێکۆشەرانە له زیندانیش‌دا نەعرەتەی شێرانەیان دوژمنی وڕ و کاس کردبوو. ئەگەر هەرکام لەوان پێشتر چەندجار له سه‌نگه‌ردا بریندار بوون، به‌ڵام له زیندانی ڕێژیم‌دا هه‌موو ڕۆژێ جارێك بریندار ده‌بوونەوە، بەڵام قەت سەریان نەوی نەکرد و دوژمنیان زەبوون و دەستەوەستانی ئیرادەی بەرزی خۆیان کرد. ئەو پۆلە، هەرکامیان هەڵۆیەکی شاهۆی سەربەرز بوون کە ڕێژیم قەت نەیتوانی باڵیان بکە و لە فڕینیان بخات، بەڵام ئەوە کۆماری ئیسلامی و ئەو خۆفرۆشانەی دەستیان لە لەداوخستن و پاشان ئێعدامی ئەواندا هەبوو ڕووڕەشی قاپیەی ویژدان مانەوە.
سلاو لە گیانی پاکی ئەڕشەد ڕەزایی و هەموو شەهیدانی کوردستان.