کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە نێوان ئێران و چیندا کامیان تەواو کەری کامیانە؟

19:13 - 3 خاکەلێوه 2724

دارسمە

کەس نازانێت کێ دەیکات و کێ دەیخوات. کردن و خواردن بیلامانێ دوو پێڤاژۆی تێکەڵ و لە یەکتر نزیک و تەواوکەری یەکترین. زۆر شتی دیکەش "تەواوکەر" یان "تەواو کەر"ی یەکترین و لەسەریەک ناکرێت لەم دەرفەتە کەمەی چوارچێوە بۆمانی دیاری کردوە، باسی هەموویان بکەین. هاوکات سەبارەت بە پێڤاژۆی "تەواو کەر"ی زۆر پێویستە ئەمە لەبەرچاو بگرین دوو وشەی "تەواو" و "کەر" لە کوێی نووسین و دەربڕیندا وەک دوو وشەی سەربەخۆ و لە کوێشدا بە هەڤڕا وەک یەک وشە خۆیان دەنوێنن، یان نووسەر و ئاخێوەر لایان لێ دەکەنەوە.

زۆر جار خوێنەری قیچۆکەیەک هێڕ بەزەحمەت لە مەبەستی نووسەر یان ئاخێوەر تێ‌دەگات و دوای خوێندنەوە یان بیستنی بابەتێک ئەنگوستی دۆشاومژەی دەکاتە نیو کەوانە و لەسەر لێوانی ئەمبەر و بەری دەمی داخراوی دادەنێت. ئەم کورتە پێشەکییەی سەروە بۆ ئەمە بوو زەحمەتی پێڤاژۆی بە نیوکەوانە‌کردنی ئەنگوستی دۆشاومژە و دانانی لەسەر دەمی وەک تەڵەی تەقیوت لە کۆڵ‌ بێتەوە و بەیەکەوە بچینە سەر بابەتی "روابط" فرە حەسەنەی نێوان ئێران و چین.

لە "روابط حسنە"ێ نێوان چین و ئێراندا پێوستە خۆتان لە بەرانبەر دروشمی "نە شرقی نە غەربی"ی سەر سەردەرانەی وەزارەتی کاروباری دەروەی کۆماری ئیسلامیی ئێران گێل بکەن یان هەر نەبیت، دوو "نە"یەکەی نێو ئەم دروشمە لەبەرچاو نەگرن و ئەمجارە بچینە سەر سوودە بێ‌کۆتاییەکانی پێوەندیی نێوان ئێران و چین و بەرژەوەندییە لەبڕاننەهاتووەکانی پێوەندیی نێوان "دو کشور دوست و برادر" لێک‌بدەینەوە.

هەمووتان ئاگاداران لەوەتەی ئەمریکای سەرۆکی ئەمپڕیالیزمی جیهانی، گەمارۆی خستووەتە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، وڵاتی چین بە خۆی و نزیکەی یەک میلیارد و نیو دانیشتووانیەوە چۆن لە پشت کۆماری ئیسلامی ڕاوەستاوە و لە ماوەی ئەم چەندساڵەی ئێران گەمارۆ دراوە، پشتی بەرنادات.

ئەوە چەند ساڵە چین بێ ئەوەی گوێ بداتە گەمارۆی ئەمریکا، نەوتی ئێران دەکڕێت و خزمەت بە ئابووریی خۆی و ئێران دەکات. ئەمریکا هەرچند بە خۆی و وزارەتی خەزێنەکەی و هاوپەیمانانی ئورووپایی فشار بخاتە سەر ئێران دەگەڵ چینی پێ ناکرێت و چین بەم سیاستە ئابوورییە گەشاوە و لە حاڵی پێشکەوتنەیدا حیللە‌شەرعیی وامان بۆ دێنێتەوە ئەمپڕیالیزمی جیهانی بە سه‌رۆکایەتیی ئەمریکا بە درەنگەوە دەزانێت چۆن کڵاوی چووەتە سەر.

لەم دواییانەدا وڵاتی چین خەریکە بە سیاسەتێکی حەکیمانە بە بەردێک نەک دوو چۆلەکە بەڵکوو زۆر چێشکان دەپێکێت و بەو پشتگیریەی لە ئێرانی دەکات، ئەمریکا لە بەرانبەریدا ئەژنۆی دەفیزێن. لە کاتێکدا چین دەزانێت کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گۆڕەپانی سیاسیدا تەواو کەریەتی، پلانێکی زۆر ڕێک‌و‌‌پێکی بەم شێوەی خوارەوە داڕشتوە:

دوای ئەوەی ئەمریکا بەهۆی سزادانی تۆڕی بانکی ئێرانی ناهێڵیت پارەی دەستکەوتوو لە هه‌ناردی نەوت بگاتەوە ئەم وڵاتە، چین بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم پیلانەی ئەمریکا ڕێگەیەکی باش و گونجاوی گرتووەتەبەر. لە کاتێکدا چین پارەی نەوت بە ئێران قەرزدارە و لەبەر گەمارۆی ئەمریکا ناتوانێت بیداتەوە، بەباشی زانی چەند کۆمپانیایەک بۆ دروستکردنی خانوبەرە بنێرێتە ئێران. ئەم کۆمپانیایانە بەو پارەی نەوتەی وڵاتەکەیان بە ئێران قەرزدارە لە تاران دەست دەکەن بە دروستکردنی خانووبەرە و شوێنی نیشتە‌جێ بوون. وردبینیی ئەم سیاسەتەی چین لێرەدا زۆر جوان خۆی دەنوێنێت.

 ئەم کۆمپانیایانە ئەگەر کرێکاری ئێرانی دەکار بکەن پێویستە پارەیان پێ بدەن و لە ئەنجامدا بەشێک لەو پارەیەی پێویستە لەبری قەرزی نەوت بیدەن بە ئێران لێی کەم دەبێتەوە و بەم جۆرە قەرزی نەوتەکە زۆر درەنگ پاک دەبێت. لەبەر ئەمە داڕێژەرانی سیاسەتی ئابووری چین لە جیات کرێکاری ئێرانی، زیندانی یان بەندکراوانی وڵاتی خۆیان دەبەنە تاران و کاریان پێ‌دەکەن. چین بە جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە خزمەت بە هەموو لایەک دەکات و دەکرێت بەشێک لە ئاکامەکانی ئەم خزمەتە هەراوە لەم خاڵانەی خوارەوەدا ببینین:

١-‌ چین دڵی ئەمریکا ناشکێنیت و ڕاستەوخۆ پارەی نەوت بە ئێران نادات.

٢-‌ چین بە ناردنی بەندکراوانی خۆی بۆ کار‌کردن لە ئێران، ناچار نابێت کرێکاری ئێرانی بگرێت و پارەیەکی زیاتری بۆ دەگەڕێتەوە و بەم‌جۆرە زووتر قەرزی نەوتی ئێران پاک دەبێت.

٣- ئەم سوودە بە زیندانیانی چینی دەگات، لە زیندانی بچووک و نەگەبەرەکانی چینەوە دەگوازرێنەوە بۆ زیندانێکی گەورە‌تر.

٤- ئەو کەسانەی لە نێوخۆی ئێران ڕەنگ‌بوو وەک کرێکاری کۆمپانیای چینی دەست بەکار بن، لە برسان لە وڵاتی سووریا دەبن بە پارێزەرانی حەرم و یان لە میترۆ و سەر شەقامان لە بەرانبەر وەرگرتنی پارەیەکی کەمدا دەبن‌هەنگڵی ئەو ژنانە دەکوتن پرچیان بە سەر شاناندا بەردەدەنەوە.

٥-‌ ئێران سینگی دەردەپەڕێنت و بە لووتبەرزیەوە باس لە بەرزکردنەوەی رێژەی هەناردەی نەوت و شکستی سیاسەتی گەمارۆی ئەمریکا دەکات.

٦- بۆ هەموو سیاسەتوان و لێکۆڵەر و تەنانەت شۆفیر تاکسیی سەر شەقامەکانی باشووری شاری تارانیش دەردەکەوێت چین تەواوکەری ئێران و ئێرانیش تەواو کەری چینە.