کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەیەوێ جێگا بە ئیسرائیل لێژ بکا!

19:18 - 3 خاکەلێوه 2724

ئاسۆ مینبەری

لە مێژووی ٤٥ ساڵەی ڕێژیمی ئێراندا، هەمیشە چەواشەکاری هەبووە و هەتا ئەم ڕێژیمەش بمێنێ چەواشەکارییەکانیشی بەردەوام دەبن. لەو کاتەوە کە دەسەڵاتی ئاخوندەکان لە ئێران هاتووەتە سەر کار، هەتا ئەمڕۆ، کاربەدەستانی ئەم ڕێژیمە بە خۆگێلکردن لە بەتاڵانبردنی دەسکەوتەکانی شۆڕشی ٥٧ و ئازار و ئەشکەنجەی خەڵکانی ئێران، ژیانیان لە خەڵک تاڵ کردوە و نەیانهێشتوە ڕۆژێکی خۆش ببینن. ئەڵبەت ئەمە بۆ نەتەوە ستەملێکراوەکان و بەتایبەت کورد، چەند قات زیاتر بووە و لەو نێوانەشدا ژنانی کورد هەمیشە بەر پەلاماری ستەمکاری و هەڵاواردن و نکۆڵیکردنی ڕێژیم کەوتوون. ئەوەی کە سەرنجڕاکێشە، ڕووهەڵماڵراویی کاربەدەستانی ڕێژیمە کە سەرەڕای ئاشکرابوونی کردەوە قیزەونەکانیان دژ بە خەڵک، دیسانەوە باس لە ماف و ژن و ئازادی دەکەن!

بەپێی ئامارێک کە لەم ڕۆژانەدا، ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی ژنان لە ٨ی مارسی ٢٠٢٣ هەتا ٨ی مارسی ئەمساڵ بڵاوی کردەوە، ١٤ کەس لە ژنانی دەسبەسەرکراوی کورد لە دادگاکانی ئینقلاب و سزادانی کۆماری ئیسلامیدا بەرەوڕووی سزای جۆراوجۆری لە چەشنی بەندکران، لێدانی قامچی، پێبژاردن و سزای تەواوکەر بوونەتەوە. کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانیش لە یەکەم ڕاپۆرتی خۆیدا کە ڕۆژی هەینی ١٨ی ڕەشەمە، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان، بڵاوی کردەوە، سەرکوتی بێبەزەییانەی شۆڕشی ژینای لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بە "جینایەت دژی مرۆڤایەتی" ناو برد.

هەر لەم ڕۆژانەدا، ڕێکخراوی "ستۆپ فێمساید ئێران" لە ڕاپۆڕتێکدا ڕایگەیاند کە لە ساڵی ٢٠٢٣ی زاینییدا ١٥٦ ژن لە ئێراندا کوژراون. ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەییش ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەشەمە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و لەو ڕاپۆرتەدا ڕێژیمی ئێرانی بەهۆی گرتنەبەری سیاسەتی سەرکوتی ژنان و پێشێلکردنی مافی ژنان مەحکووم کرد.

لە ڕۆژی ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠١دا و لە گەرمەی شۆڕشی ژینادا بە هۆی سەرکوتی بەربڵاو و سیستماتیکی ژنان لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینادا، کۆماری ئیسلامی لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژن دەر کرا و ئەندامەتیی ڕێژیم لەم کۆمیسیۆنە بۆ چوار ساڵ هەڵوەشایەوە، کەچی لە ڕۆژی ٢٠ی ڕەشەمەی ئەمساڵدا، ئێنسییە خەزعەلی، جێگری کاروباری ژنان لە دەوڵەتی ڕەئیسیدا، بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێگەی ژنان گەیشتە نیۆیۆرک! خەزعەلی لە ٦٨ەمین کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی پێگەی ژنی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕۆژنامەنووسانی میدیاکانی سەر بە ڕێژیمی ڕاگەیاندوە، من بۆ بەدواداچوون لەسەر بارودۆخی تایبەتی ژنان لە غەززە و داواکاری بۆ دەرکردنی ئیسرائیل لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژنی نەتەوە یەکگرتووەکان لێرە ئامادەم و گوتوویەتی: وەک وڵاتانی دیکە کە ڕاپۆرتێک لەبارەی دۆخی ژنان دەخەنە ڕوو، ئێمەش ڕاپۆرتێک لەسەر بارودۆخی ژنان لە ئێراندا دەخەینە ڕوو و باس لە بارودۆخی ژنان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەو کێشانە دەکەین کە ڕووبەڕوویان دەبنەوە و بە شێوەیەکی تایبەت باس لە بارودۆخی ژنانی فەلەستینی لە غەززە دەکەین.

ئەمە جیا لەوەی کە لایەنێکی پێوەندیی بە جیددینەبوونی وڵاتانی زلهێز و لەوانە ئەمریکا سەڕەرای ئاشکرابوونی ڕاستییەکان بەتایبەت لەلایەن کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانەوە سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی ژنان لەلایەن ڕێژیمەوە لە درێژەی شۆرشی ژینادا هەیە، لەلایەکی دیکەوە نیشان دەدات کە ئەم ڕێژیمە چەندە لە ئەستاندنی گیانی خەڵک و قسەی زل و بریقەداردا بێ شەرمە.

هەر لەو کاتەدا کە خەزعەلی دەیویست باس لە دۆخی ژنان لە ئێران بکات و داوای دەرکردنی ئیسرائیل لەم کۆمیسیۆنەی دەکرد، ٩ ژنی کورد بە ناوەکانی زەینەب جەلالیان، سوعدا خەدیرزادە، موژگان کاوسی، سەکینە پەروانە، ژیلا هۆژەبری، هاجەر سەعیدی، فریشتە حوسێنی، وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی لە بەندیخانەکانی ئێڤین، یەزد، ورمێ، تۆن کابۆن، مەشهەد و سنەدا بوون و لەگەڵ خراپترین ئەشکەنجە دەروونییەکانی بەرپرسانی بەندیخانەکاندا بەرەوڕوو بوون، کەچی ئێنسییە خەزعەلی زیاتر خەمی ژنانی فەلەستینی دەخوات و داوای دەرکردنی ئیسرائیل لەم کۆمیسیۆنە دەکات، بەڵام بیری چووەتەوە کە خۆی ساڵێک پیش ئێستا لەم شوێنە دەر کراوە و پاش ساڵێک، لێکۆڵینەوەکان هەموو ئازار و ئەشکەنجە و ستەمەکانی ڕێژیمە دڵخوازەکەی ئەم بەناو بەرپرسەیان بە بەڵگەی باوەڕپێکراو پشتڕاست کردووەتەوە.

لە ڕاستیدا بەشداریکردنی خەزعەلی و چەواشەکردنی ڕاستییەکان و هەوڵ بۆ بەلاڕێدابردنی بیرورای گشتی هیچ لە دۆخی خراپی ئێران لە باری نێوخۆیی و نێونەتەوەییەوە ناگۆڕێ، وڵاتانی دیکە دەزانن کە کۆماری ئیسلامی کۆڵەکەکانی لەرزۆک بوونە و لە لێواری ڕووخان نزیک بووەتەوە و لە نێوخۆش خەڵک بەردەوام لەقاوی چەواشەکارییەکانی دەدەنەوە و بە پێداگری لەسەر ماف و ئازادییەکانیان دەکەن و بەرەنگاری دەبنەوە.

جێگا لێژکردن بە ئیسرائیل هیچ لە دۆخی ڕێژیم ناگۆڕی و ئەوەی کە ڕوونە، سەرکەوتنی ڕووناکی بەسەر تاریکی‌دایە.