کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بزووتنەوەی ژینادا بە شێوەی ڕاستەوخۆ تەقە لە چاوی زیاتر لە ١٢٠ خۆپیشاندەر کراوە

11:14 - 4 خاکەلێوه 2724

 

ناوەندی مافی مرۆڤی زانکۆی "بێڕکڵی" ڕۆژی ٢ی خاکەلێوە لە ڕاپۆڕتێکدا ڕایگەیاند کە زیاتر لە ١٢٠ خۆپیشاندەر لە کاتی بزووتنەوەی ژینادا لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە ڕاستەوخۆ تەقە لە چاویان کراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆڕتە زۆربەی قوربانییان لە کەسانی تەمەن ژێر ٣٠ ساڵ و قوتابییان پێکهاتووە و بە چەکی ساچمەیی و پینێت باڵ لە مەودایەکی نزیکەوە تەقەیان لێ کراوە و چاوی خۆیان لەدەست داوە.

یەکێک لە قوربانییانیش کچێکی تەمەن ٥ ساڵ بووە کە لەبەر هەیوانی ماڵەکەیانەوە سەیری خۆپیشاندەرانی کردووە.

پێشتر بەپێی هەندێک ڕاپۆڕتی نێوخۆیی ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە تەقە لە چاویان کرابوو نزیک ٥٠٠ کەس ڕاگەیەندرابوو.

شایانی باسە کە کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ٢٨ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو لە دانیشتنێکدا سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ئێران، لە ڕاپۆرتی خۆی بۆ شۆرای مافی مرۆڤ ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازدای"دا تاوانی بە دژی مرۆڤایەتیی ئەنجام داوە.