کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم ساڵی نوێی بە هەڕەشە لەو ژنانە دەست پێ کرد حیجابی دڵخوازیان هەیە

13:10 - 4 خاکەلێوه 2724

لە یەکەمین وتاری فەرمیی نوێنەرانی خامنەیی لەوانە پێشنوێژی پارێزگاکان، هەڕەشەی هەڵسوکەوتی توند لەگەڵ ئەو ژنانە کرا کە حیجابی زۆرەملێی ڕێژیم ڕەچاو ناکەن.

عەبدولنەبی مووسەوی فەرد، نوێنەری ڕێبەری ڕێژیم لە خووزستان، حیجابی بە هێڵی سووری ئیمام زەمان ناو برد و وتی ڕۆژاوا بۆ بەلاڕێدابردنی خەڵک، بەرنامەی داڕشتووە و لە ژنانەوە دەستی پێ کردووە و هەروەها بە هێزەکانی ڕێژیمی ڕایگەیاند کە سەبارەت بە پرسی حیجاب، ژنان بخەنە ژێر گوشارەوە.

محەممەد سەعیدی، پێشنوێژی قومیش داوای لە خەڵکی قوم و دەزگا بەرپرسیارەکان کرد تاکوو بەپێێ ئەرکی خۆیان لەگەڵ لابردن و ڕەچاونەکردنی حیجاب لەلایەن ژنانەوە هەڵسوکەوتی جیددی نیشان بدەن.

لەلایەکی دیکەوە، ڕەسووڵ فەلاحەتی، پێشنوێژی دەستنیشانکراوی خامنەیی لە گیلانیش حیجابی بە بەشێک لە بایەخەکانی کۆمەڵگە ناو برد و حیجابی دڵخواز و ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێێ لەلایەن ژنانەوە، بە پیلانی دوژمن ناو برد و ڕایگەیاند کە دوژمنان دەیانەوێ زیان بە ڕێژیم بگەیێنن و مەودا بخەنە نێوان خەڵک و بەرپرسانی ڕێژیمەوە.

پێشتریش ئەمیرحوسێن بانکی پوور، نوێنەری ڕێژیم لە مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاندبوو ئەو ژنانەی کە پۆششی دڵخوازییان هەیە هەتا ٣ میلیۆن تمەن سزای نەختییان بۆ دیاری کراوە و ئەم سزایە ڕاستەوخۆ لە هەژمارە بانکییەکان هەڵدەگیردرێت.

پاش بەڕێوەچوونی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم، بەرپرسان و پێشنوێژە دەستنیشانکراوەکان لەلایەن خامنەییەوە لە پارێزگاکان، گوشارەکانیان بۆ سەر ژنان سەبارەت بە ڕەچاوکردنی حیجابی زۆرەملێ زۆرتر کردووەتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە پێش لە بەڕێوەچوونی شانۆی هەڵبژاردنەکان و لە ڕاستای هاندانی خەڵک بۆ بەشداری لە گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکان، هیچ قسەیەک لە هەڵسوکەوت لەگەڵ پؤششی دڵخوازی ژنان نەکرابوو و هەودارانی ڕێژیم لە ڕۆژی ١١ی ڕەشەمەدا بە حیجابی دڵخواز و تەنانەت بە بێ حیجابیش چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان.