کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر هۆڵێک لە مۆسکۆی ڕووسیە دەیان کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە

23:43 - 4 خاکەلێوه 2724

شەوی هەینی ٣ی خاکەلێوە ژمارەیەک چەکدار هێرشیان کردە سەر هۆڵی "کڕۆکۆس" لە مۆسکۆی پێتەختی ڕووسیە و بە تەقەی ڕاستەوخۆ دەیان کەسیان کوشت و ژمارەیەکی دیکەیان بریندار کرد.

بەپێی ڕاپۆڕتی سەرچاوە دەوڵەتییەکانی ڕووسیە شەوی ڕابردوو چەند چەکدارێکی نەناسراو هێرشیان کردووەتە سەر هۆڵێکی کۆنسێرت لە نزیک پێتەختی ڕووسیە و تەقەیان لە بەشداربووانی کۆنسێرتەکە کردووە.

ژمارەی قوربانییانی هێرشەکە سەرەتا ٤٠ کەس ڕاگەیەندرا بەڵام دواتر بۆ ٦٠ کەس زیادی کرد و لانیکەم ١٤٠ کەسیش برینداری لێ کەوتووەتەوە کە وێدەچێت ژمارەی قوربانییان لەمە زیادتریش بکات.

بەپێی سەرچاوە جیهانییەکان و ڤیدیۆ بڵاوەبووەکانی ڕووداوەکە، لانیکەم ٥ چەکدار کە دەموچاوی خۆیان داپۆشیوە دەچنە نێو هۆڵی کڕۆکۆس و ڕاستەوخۆ تەقە لە خەڵک دەکەن و پاشان بە نارنجۆک یان کۆکتێل مۆلۆتۆف، ئاگریان بەرداوەتە هۆڵەکە.

گرووپی حکوومەتی ئیسلامی، لقی خۆراسانیی داعش لە بەیانییەکدا بە فەرمی بەرپرسیارەتی هێرشەکەی گرتووەتە ئەستۆ.

بەپێی ڕاپۆڕتی بی بی سی سەرچاوە ئەمنییەتییەکانی ئەمریکا دوو حەفتە لەمەوبەر هۆشدارییان داوەتە ڕووسیە کە لقی خۆراسانیی داعش دەیهەوێت هێرش بکاتە سەر کۆبوونەوەیەکی گشتی لەو وڵاتەدا.

سەرەڕای هەموو ئەمانە بەرپرسانی ڕووسی بەرپرسیارەتی داعشییان پشتڕاست نەکردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە جارێ لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە لایەنەکانی بەشداربوو لەم هێرشەدا بەردەوامە.

بەرپرسانی ئەمنییەتیی ڕووسیە ڕایانگەیاندووە کە چەکدارەکان پاش ئەنجامی هێرشەکە توانیویانە شوێنەکە بەجێ بهێڵن.

 

 

داعشی خوراسان ڕۆژی ١٣ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو بەرپرسیارەتیی هێرش بۆ سەر بەشداربووانی ڕێوڕەسمی ساڵیادی کوشتنی قاسم سلێمانی لە کرمانی، گرتە ئەستۆ.

لەو هێرشەدا زیاتر لە ٩٠ کەس کوژران و ٢٠٠ کەسیش بریندار بوون.