کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەنجومەنی ئاسایش دەنگ لەسەر بڕیارنامەیەکی نوێ بۆ ئاگربەستی دەستبەجێ لە غەززە دەدات

23:47 - 4 خاکەلێوه 2724

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فەرانسە، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگ لەسەر ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکی نوێ سەبارەت بە ئاگربەستی دەستبەجێ لە غەززە دەدات، بەڵام واشنگتۆن ڕایگەیاندووە کە ڕەنگە ڤێتۆی بکات.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە پێشبینی دەکرێت لە بەیانیی ڕۆژی شەممە بە کاتی نیویۆرک دەنگ لەسەر ڕەشنووسی ئەم بڕیارنامەیە بدرێت؛ بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک باس لەوە کرا کە دەنگدانەکە بۆ ڕۆژی دووشەممە دواخراوە.

ئەو هەواڵە ڕۆژێک لە دوای ئەو بڕیارنامەیەی کە ئەمریکا پێشنیاری کردبوو و لەلایەن ڕووسیە و چینەوە ڕوبەڕووی ڤێتۆ ببووەوە، بڵاو کراوە.

ڕەشنووسی ئەم بڕیارنامەیە کە دەقەکەی لەلایەن ئاژانسی فەرانسەوە بینراوە، داوای ئاگربەستی دەستبەجێ بۆ مانگی ڕەمەزان دەکات کە دەبێتە هۆی "ئاگربەستێکی هەمیشەیی بەردەوام" کە هەموو لایەنەکان ڕێزی لێدەگرن.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لە ڕەشنووسەکەدا داوای ئازادکردنی بەپەلە و بێمەرجی بارمتەکانی هێرشەکەی ٧ ئۆکتۆبەری حەماس و دەستڕاگەیشتن بۆ یارمەتی مرۆیی لە غەززە کراوە.

حەماس لە ایەن ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپاوە وەک گرووپێکی تێرۆریستی ناسراوە.