کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکا ٣ کۆگای چەکوچۆڵی حوسییەکانیان لە یەمەن کردە ئامانج

23:51 - 4 خاکەلێوه 2724

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا "سێنتکام" ڕۆژی شەممە ٤ی خاکەلێوە ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی "بەرگریکردن لە خۆیان" هێرشیان کردە سەر سێ کۆگای  ژێرزەمینیی سەر بە حوسییەکان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەم گرووپە لە یەمەن.

سێنتکام هەروەها ڕایگەیاند کە حوسییەکان ڕۆژی هەینی، ٣ی خاکەلێوە، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان لە یەمەن، چوار مووشەکی بالیستی دژە کەشتییان بەرەو دەریای سوور ئاراستە کردووە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە، هێرشە نایاساییەکانی حوسییەکان تا ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی سێ مەلەوان ونوقمبوونی کەشتییەکی بازرگانی کە بە شێوەیەکی یاسایی لە دەریای سوور دەپەڕییەوە کە ئەمە بووە هۆی پەککەوتن لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ یەمەن و هەروەها زیانی بە ئابووریی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ژینگە گەیاندووە.

سێنتکام زیادی کرد، ئەم کۆگایانەی چەک هەڕەشە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، هێزەکانی هاوپەیمانان و کەشتییە بازرگانییەکان لەو ناوچەیەن و ڕایگەیاند ئەو هێرشانە بۆ پاراستنی هێزەکانمان و دەستەبەرکردنی ئازادیی کەشتیوانی و سەلامەتترکردنی ئاوە نێودەوڵەتییەکان بۆ کەشتیوانیی ئەمریکا و هاوپەیمانان و بازرگانی پێویستن.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە یەکێک لە فڕۆکەکانی هاوپەیمانی سەر بە فەرماندەیی واشنگتۆن لە دەریای سوور، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان و دوو مووشەکی بالستیک و کەشتییەکی بێ‌سەرنشینی حوسییەکانی خستوونەتە خوارەوە.

واشنگتۆن سەرکردایەتیی هاوپەیمانییەکی دەریایی نێودەوڵەتی دەکات کە ئامانجی پاراستنی کەشتیوانیی دەریاییە لە ناوچەی ستراتێژیکی دەریای سوورە کە  ١٢لەسەدی بازرگانیی جیهانی بەوێدا تێدەپەڕێت.

 لە ١٩ نۆڤامبری ساڵی ڕابردووەوە، میلیشیا حوسییەکانی سەر بە ڕێژیمی  ئێران، نزیکەی ٧٣ هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکییان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور ئەنجام داوە.