کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل نەتەوە یەکگرتووەکانی بە دامەزراوەیەکی دژە ئیسرائیلی ناو برد

09:21 - 5 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی شەممە ٤ی خاكه‌لێوه‌ یسرائیل کاتس، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، لە وڵامی قسەکانی ئانتۆنیۆ گوترێش وتی: لەژێر سەرکردایەتیی ناوبراودا، نەتەوە یەکگرتووەکان بووەتە ڕێکخراوێکی دژە جوولەکە و دژە ئیسرائیل کە پشتیوانیی تێرۆریستان دەکات و بوێریان پێ دەبەخشێت.

ناوبراو لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: ئانتۆنیۆ گوترێش سكرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئێستا لە دیوی میسری دەروازەی ڕەفەح وەستا و ئیسرائیلی بە بەرپرسیاری دۆخی مرۆیی غەززە ده‌زانێ، بەبێ ئەوەی بە هیچ شێوەیەک تێرۆریستانی حەماس-داعش مه‌حكووم بکات چونکە ئەوانن هاوکارییه‌ مرۆییه‌كان تاڵان دەکەن.

 

سكرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەکاتی سەردانیکردنی دەروازەی ڕەفه‌ح لە دیوی میسر، ئیسرائیلی بە هۆکاری ڕێگریکردن لە جووڵەی بارهەڵگرەکانی فریاكه‌وتن لە سنووری میسر بۆ چوونە نێو غەززە، کە خەڵکی ئەو ناوچەیە ڕووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە، به‌ تاوانبار زانی.

 

 کاتس نووسیویەتی کە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان له‌حاڵێكدا ئەو لێدوانانەی کردووە بەبێ ئه‌وه‌ی كه‌ دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستینی (ئانروا) به‌ هۆی هاوکاری لەگەڵ تێرۆریستان مه‌حكووم بکات.

 

ناوبراو پێشتر لە پۆستێکی دیکەدا لە ئێکس نووسیبووی کە ئیسرائیل ڕێگەی داوە لە ڕێگەی وشکانی و ئاسمانی و دەریاییەوە ‌ یارمەتی مرۆیی بەرفراوان بچێتە ناو غەززه‌، به‌ڵام چه‌كدارانی حه‌ماس ڕێگه‌ ناده‌ن و دۆخه‌كه‌ ده‌شێوێنن.

 

هه‌روه‌ها وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل نووسی كه‌ گوترێش ته‌نانه‌ت له‌ قسه‌كانیدا باسی له‌ بارمته‌كانی ئیسرائیلی كه‌ له‌لایه‌ن حه‌ماسه‌وه‌ به‌دیل گیراون نه‌كردووه‌.