کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا هێرشی تێرۆریستیی بۆ سەر هۆڵێک لە مۆسکۆ بەتوندی مەحکووم کرد

11:53 - 5 خاکەلێوه 2724

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی شەممە ٤ی خاکەلێوە لە بەیاننامەیەکدا هێرشی تێرۆریستی بۆ سەر هۆڵێک لە مۆسکۆی بەتوندی مەحکووم کرد.

ئانتۆنی بلینکێن وێڕای هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییانی هێرشەکە ڕایگەیاند: تێرۆریسم بە هەر شێوەیەک بێت مەحکوومی دەکەین و لە خەمی گیان لەدەستداوانی هێرشە ترسناکەکە، لەگەڵ خەڵکی ڕووسیەدا بەشدارین.

لە پێوەندی لەگەڵ هێرشی تێرۆریستی بۆ سەر هۆڵێک لە مۆسکۆی ڕووسیە بەرپرسێکی ئەمریکای ڕایگەیاندووە کە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا کۆمەڵێ زانیارییان لەبەر دەستدایە کە بەرپرسیارەتی داعش لە هێرشەکەدا پشتڕاست دەکاتەوە.

ئەو بەرپرسە نەناسراوە زیادیشی کردووە کە ئەمریکا لە ڕۆژانی ڕابڕدوودا بە شێوازگەلێکی گونجاو هۆشداریی بە ڕووسییە دابوو کە ئەگەری وەها هێرشێک لەو وڵاتەدا هەیە.

پێشتر بی بی سی ڕایگەیاندبوو کە ئەمریکا دوو حەفتە لەمەوبەر لە ڕێگەی کونسولخانەی خۆیەوە لە ڕووسیە سەبارەت بە هێرشی گرووپە توندڕەوەکان لەو وڵاتە، هۆشداری بە مۆسکۆ دابوو.

شایانی باسە کە کاژێرێک پاش ئەو هۆشدارییەی ئەمریکا ڕێکخراوی ئەمنییەتی فێدێراڵی ڕووسیە ڕایگەیاندبوو کە پیلانی هێرش بۆ سەر کەنیسەیەک لە مۆسکۆی پووچەڵ کردووەتەوە کە لقی خۆراسانی داعش لە پشتیەوە بووە.

گرووپی ئیسلامیی داعش ڕۆژی شەممە وێنەی ٤ تێرۆریستی بەشداربووی هێرشەکەی لە کاناڵی تێلێگرامیی خۆیدا بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند" ٣ کەس لە چەکداران تەقەیان لە خەڵک کردووە و کەسی چوارەمیش بە نارنجۆک و تەقەمەنی هێرشی کردووەتە سەر هۆڵەکە.

لەلایەکی دیکەوە سەرەڕای ئەوەی کە داعش بەرپرسیارەتی هێرشەکەی گرتووەتە ئەستۆ، پووتین و بەرپرسانی ڕووسی لە هەوڵدان تاکوو هێرشەکە بە ئوکڕاینەوە گرێ بدەن.

لەم پێوەندییەدا ڤێلادێمیر پووتین لە وتارێک بۆ خەڵکی ڕووسییە ڕایگەیاند کە هێرشبەران لە هەوڵدا بوونە کە خۆیان بگەیەننە ئوکراین.

 

پووتین زیادی کردووە کە هەموو ئەو کەسانەی کە دەستیان لە هێرشەکەدا هەبووە دەسبەسەر کراون و هەروەها ڕۆژی یەکشەممەی لە سەرانسەری ڕووسیەدا ماتەمی گشتیی ڕاگەیاند.

 

ڕێکخراوی ئەمنییەتی فێدێڕاڵی ڕووسیە ڕایگەیاندووە کە ٤ هێرشبەرەکە لە کاتی چوون بەرەو سنووری ئوکڕاین دەسبەسەر کراون و لەگەڵ کەسانێک لە ئوکڕاین لە پێوەندیدا بوون.

 

هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی مۆسکۆ بۆ تاوانبارکردنی ئوکڕاین لە هێرشەکەدا، میخایلۆ پۆدۆلییاک ڕاوێژکاری سەرۆککۆماری ئوکڕاین هەر جۆرە پێوەندیی ئوکڕاینی بە هێرشەکەوە ڕەت کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە "ئوکڕاین شەڕێکی هەمەلایەنە لە مەیدانی شەڕ بەرامبەر بە ئەرتەش و فێدراسییۆنی ڕووسیە دەکات و هەموو بڕیارەکان لەو مەیدانەدا ئەدرێت".