کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زێلێنسکی ئیدیعای پووتین سەبارەت بە پەیوەندیی ئۆکراین بە هێرشەکەی مۆسکۆی ڕەت کردەوە

11:55 - 5 خاکەلێوه 2724

زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٤ی خاكه‌لێوه‌ لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا  پووتینی به‌وه‌  تۆمەتبار کرد کە هەوڵ دەدات کەسانی دیکە تاوانبار بکات و دوای ماوەیەک بێدەنگی، بیر لەوە دەکاتەوە کە چۆن ئەم بابەتە بخاته‌ ئه‌ستۆی ئۆكراین.

هه‌روه‌ها بەرپرسانی ئۆکراین بە توندی ئەو قسانەی ڤێلادیمێر پووتین، سەرۆککۆماری ڕووسییه‌یان ڕه‌ت كرده‌وه‌، کە کیێڤ پەیوەندی بە هێرشەکەی مۆسکۆوە هەیه‌.

میخایلۆ پۆدۆلیاک، ڕاوێژکاری باڵای زێلێنسکی، دوای چەند کاتژمێرێک لە هێرشەکەی مۆسکۆ ڕایگەیاند، وڵاتەکەی "هیچ پەیوەندییەکی بەوەوە نییە"، هەروەها کیێڤ کە ماوەی دوو ساڵە لەگه‌ڵ داگیرکاریی ڕووسیه‌ به‌ره‌وڕوویه‌ هەرگیز كه‌ڵكی له‌م چه‌شنه‌ كاره‌ تێرۆریستییانه‌ وه‌رنه‌گرتووه‌.

دوای هێرشەکەی مۆسکۆ، ڤێلادیمێر پووتین بۆ ماوەی نزیکەی ١٦ کاتژمێر بێدەنگ بوو و دواجار پاشنیوەڕۆی شەممە پەیامێكی تۆمارکراوی بڵاو كرد.

 

زێلێنسکی وتی پووتین لە بری ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ هاوڵاتییانی ڕووسییه‌وه‌ بگرێ بۆ ماوەی ڕۆژێک بێدەنگ بوو و بیری لەوە کردەوە کە چۆن ئەم بابەتە بخاته‌ ئه‌ستۆی ئۆكراین.

هێرش بۆ سەر هۆڵی کرۆکۆس لە شاری کراسنۆگۆرسک لە نزیک شاری مۆسکۆ، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٣ی خاكه‌لێوه‌ ڕووی دا و دوای چەند کاتژمێرێک داعش ئه‌وه هێرشه‌ی له‌ ئه‌ستۆ گرت.

ئادرین واتسۆن، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، واشنگتۆن هۆشداریی داوەتە مۆسکۆ، كه ته‌نیا‌ داعش  بەرپرسیارە لەم هێرشە و هیچ پێوه‌ندییه‌كی به‌ ئۆكراینه‌وه‌ نییه‌.