بەرپرسی پۆلیسی ڕێگاوبان "فراجا" ڕۆژی شەممە ٤ی خاكه‌لێوه ڕایگەیاند کە لە ٢٤ی ڕه‌شه‌مه‌ی ١٤٠٢ـەوە هه‌تا ٣ی خاكه‌لێوه‌ی ١٤٠٣، ٣٧٣ کەس لە ڕووداوی هاتوچۆدا گیانیان لەدەست داوە و ١٠ هەزار و ٥٠٠ کەسیش بریندار بوون.
وێڕای گیانلەدەستدانی ڕۆژانەی نزیکەی ٤٠ کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ لە ماوەی دە ڕۆژی ڕابردوودا، وەزیری ڕێگاوبان ئیدعای ئەوەی کرد کە ژمارەی گیانلەدەستدان بە ڕووداوی هاتوچۆ لە هەندێک لە پارێزگاکان به به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی ڕابردوو بەڕێژەی ٤٥٪ کەمی کردووه.
ئه‌م ئیدعایه له‌حاڵێكدایه كه فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزی ئینتزامی ڕێژیمی ئێران له ١٠ی خاكه‌لێوه‌ی ساڵی ڕابردوو ڕایگه‌یاندبوو كه له نه‌ورۆزدا نزیک به ٦٢٩ كه‌س بو هۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان له‌ده‌ست داوە و ئاماری پزیشكی دادوه‌ری له‌و ڕێژه‌یه‌ش زۆرتره.
دوایین ئاماری قوربانیاینی ڕووداوی هاتوچۆ له نه‌ورۆزی ساڵی ڕابردوو ١٢١٧ كه‌س ڕاگه‌یەندرابوو.
سەعید مۆنته‌زێرەلمەهدی، وتەبێژی پۆلیسی ڕێژیمی ئێران ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند: "ژمارەی ساڵانەی گیانلەدەستدان بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ئێران لەگەڵ کۆی گشتیی گیانلەدەستدان به هۆی هاتوچۆ لە ٢٧ وڵاتی ئەورووپایی یەکسانە.
پۆلیسی ڕێگاوبانی ئێران به‌پێی ئاماری پزیشکی دادوەری ڕایگه‌یاند، لە ماوەی ١١ مانگی ساڵی ١٤٠٢دا، زیاتر لە ١٨ هەزار و ٥٠٠ کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ لە ئێران گیانیان لەدەست داوە.
خراپبوونی ڕێگاوبانەکان و هەروەها ناستانداربوونی ماشینەکان و گوێنەدانی بەرپرسانی ڕێژیم بەم بابەتە، لە گرینگ‌ترین هۆکارەکانی ڕووداوی ڕووداوەکانی هاتوچۆ و گیانلەدەستدانی هاووڵاتییانن.