کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەسەن ڕۆحانی لە هێرش بۆ سەر بنکەی عەینولئەسەد ئاگادار نەکراوەتەوە

12:04 - 5 خاکەلێوه 2724

ماڵپەڕی حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری پێشووی ئێران ڕایگەیاندووە کە ناوەندی گشتیی هیزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کە لەژێر فەرمانی ڕاستەوخۆی خامنەییدایە، ناوبراوی لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەی عەینولئەسەد لە ساڵی ١٣٩٨ی هەتاویدا، ئاگادار نەکردووەتەوە.

ڕۆژی شەممە ٤ی خاکەلێوە ماڵپەڕی فەرمیی ڕۆحانی لە وڵامی ڕۆژنامەی کەیهان سەبارەت بە لە خەودابوونی سەرۆککۆمار لە کاتی هێرشکردنە سەر بنکەی عەینولئەسەد نووسی "بە پێچەوانەی چەواشەکارییەکەی ڕۆژنامەی کەیهان، حەسەن ڕۆحانی لە بابەتەکە ئاگادار نەکرابووەوە و ناوبراو کە سەرۆککۆماری ئێران بووە لەو کاتەدا لە ڕێگەی ژێرنووسی کاناڵی هەواڵی دەنگوڕەنگی ڕێژیمەوە زانیویەتی کە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی عەینولئەسەد".

لە درێژەی وڵامەکەی ماڵپەڕی ڕۆحانیدا هاتووە کە "کاربەدەستانی باڵای سەربازیی کۆماری ئیسلامی چەند کاتژمێر پێش لە هێرشەکە داوای دانیشتنی بەپەلەیان لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی کردووە، بەڵام دواتر دانیشتنەکە لەلایەن خۆیانەوە هەڵوەشێندراوەتەوە".

ئەم ماڵپەڕە سەبارەت بە دانەخستنی هەرێمی ئاسمانیی ئێران پاش هێرشەکە ڕایگەیاندووە کە سەرۆککۆمار و بەرپرسانی دەوڵەتی ڕۆحانی لەو کاتەدا ئاگاداری کراوەبوونی هەرێمی ئاسمانیی ئێران و هەروەها کارەساتی فڕۆکەی ئوکڕاینیش نەبوونە.

لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەدا هاتووە کە "ئەمریکاییەکان پێش ئەنجامی هێرشەکە لە ڕێگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە ئاگادار کراونەتەوە".

ئەمە لەحاڵێکدایە کە بەرپرسانی سپای پاسداران و ڕێژیم بەردەوام هێرشەکەیان بە تۆڵەی قورس ناو دەبرد و ڕایانگەیاندبوو کە هیچ هۆشدارییەکی پێشوەختە بە هێزەکانی ئەمریکا نەدراوە.

جێی ئاماژەیە کە سەرۆککۆمار لە ئێراندا بەپێی یاسا هاوکات بەرپرسی شۆرای باڵای ئەمنییەتی نەتەوەییە، بەڵام ناوەندی گشتیی هێزە چەکدارەکان لەژێر فەرمانی ڕاستەوخۆی عەلی خامنەییدایە.

 

بەم پێیە حەسەن ڕۆحانی ڕایگەیاندبوو کە ناوەندی گشتیی هێزە چەکدارەکان کە لە ژێر فەرمانی خامەنەییدایە لە ترسی هێرشی بەرامبەری ئەمریکا ئاسمانی ئێرانی بە کراوەی هێشتووەتەوە.

بەرەبەیانی ١٨ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی سپای پاسداران بە چەند مووشەکی بالستیک لە تۆڵەی کوشتنی قاسم سلێمانی هێرشی کردە سەر بنکەی عەینولئەسەدی ئەمریکا لە عێراق و پاش چەند خولەکێک لە هێرشەکە و بە هۆی دانەخستنی هەرێمی ئاسمانیی ئێران لە ترسی هێرشی بەرامبەری ئەمریکا و بەکارهێنانی گەشتە ئاسمانییەکان وەک قەڵغانی مرۆیی، بەرگریی ئاسمانیی سپای پاسداران فڕۆکەی پی ئێس ٧٥٢ی ئوکراینیی کردە ئامانج و ١٦٧ کەسی کردە قوربانی.

شایانی باسە کە لە ماوەی ڕابڕدوودا هزرگەی شۆڕای ئاتلانتیک لە واشینگتۆن لە ڕاپۆڕتێکی شیکاریدا ڕایگەیاند، عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئوکراینییەکەدا ڕۆڵی هەبووە.