کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێداهەڵگوتنی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە فائێزە هاشمی و کاردانەوەی خەڵکانی ئێران

12:29 - 5 خاکەلێوه 2724

پۆستێکی ئینستاگرامیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەمەڕ پێاهەڵگوتن بە فائێزە هاشمی و ناوبردنی ناوبراو وەکوو پارێزەری مافی ژنان لە سەرتاسەری ئێراندا، کاردانەوەی نەرێنیی بەژارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و خەڵکانی ئێرانی لێ کەوتەوە.

لە ئینستاگرامی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا بە زمانی فارسی پۆستێک بڵاو کراوەتەوە کە تێێدا فائێزە هاشمی بە دژبەری حیجابی زۆرەملێ، پشتیوانی مافەکانی ژنان و بەرگریکاری هاوبەندییەکانی خۆی لە بەندیخانە ناوی لێ بردراوە.

لە درێژەی ئەم پۆستەدا هاتووە، تەنانەت کاتێک کە مافی خودی فائێزە پیشێل کرابوو  بوێرانە بەرگریی لە مافی کەسانی دیکە کردووە.

بڵاوبوونەوەی ئەم پۆستە کاردانەوەی نەرێنی و بەربڵاوی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بە دەواوە بووە و ڕایانگەیاندووە کە کردەووکانی فائیزە هاشمی و بەتایبەت باوکی، لە بەهێزکردنی ساختاری ڕێژیمدا کاریگەریی زۆریان هەبووە.

هەر لەم پێوەندییەدا، مستەفا شەریفیان، شارەزای بواری زانستی سیاسی وتی کە فائێزە هاشمی هیچکات لە پێشەنگەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی نەبووە نە لە بواری تێئۆری و نە لە بواری کردەوەشدا.

ژمارەیەک لە بەکارهێنەرانیش ڕایانگەیاندووە کە دەبێ ڕێز لە ژنانێک بگیردرێت کە بە بێ پێشینەی هاوکاری لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ئێستا لە بەندیخانەکاندان.

فائێزە هاشمی، کچی عەلی ئەکبەر ڕەفسەنجانی، سەرۆکۆماری پێشووی ڕێژیمی ئێرانە کە لە دیارترین کەسایەتییەکانی کاریگەر لەسەر ساختاری ئێستای ڕێژیمن و وەک باسکی بەهێزی ڕێژیم جووڵاونەتەوە.