کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژاندنەوەی بینا و باڵەخانە بەناوبانگەکانی جیهان لە کاتژمێری زەویدا

10:58 - 5 خاکەلێوه 2724

شەوی شەممە ڕێکەوتی ٤ی خاکەلێوە خەڵک لە وڵاتانی جیهان بە کوژاندنەوەی چرا و گڵۆپە زیادییەکان، پشتیوانییان لە "کاتژمێری زەوی" کرد.

بەم بۆنەیەوە لە کاتژمێر ٨ و ٣٠ خولەکی شەو بە کاتی هەر شارێک لە جیهاندا کۆمەڵێک لە هاووڵاتییانی ژینگەدۆست و هەروەها بینا و باڵەخانە بەناوبانگەکانی جیهان بۆ ماوەی کاتژمێرێک، چراکانیان کوژاندەوە.

بورجی ئیفێل، بورجی تۆکیۆ، ئاکرۆپۆلیسی ئاتێن، ئێمپایەر ستەیتی نیۆیۆرک، ئۆپێرای سیدنی و بەندەری ڤیکتۆریای هۆنگ کۆنگ ژمارەیەک لەو بینا و باڵەخانانەن کە لەم هەڵمەتەدا بەشدار بوون.

کاتژمێری زەوی ڕووداوێکی ڕێکخراوی سندووقی نێونەتەوەیی سروشتە کە لە دوایین شەممەی مانگی مارسی هەموو ساڵێکدا بەڕێوە دەچێت، بەڵام لەم ساڵدا بە هۆی تێکەڵبوونی لەگەڵ "شەممەی پیرۆز"ی مەسیحییەکان حەفتەیەک زووتر بەڕێوەچوو.

ئامانج لەم کارە ئاگاداربوونەوەیە لە ئاڵوگۆڕییەکانی کەش و هەوا و هەروەها بەکارهێنانی دروستی وزە لە جیهاندا.

شێوەی بەڕێوەبردنی ئەم ڕێکەوتە بەم جۆرەیە کە بنەماڵەکان و خاوەن پیشەکان لە کاتژمێری ٨ و ٣٠ خولەکی شەو بە کاتی وڵاتی خۆیان بۆ ماوەی ١ کاتژمێر هەموو ئەو کەرەستە و گڵۆپانەی کە کەمتر پێویستیان پێیەتی دەکوژێننەوە.

ئامانج لەم کارە ئاگادارکدنەوە سەبارەت بە گۆڕانی گەشوهەوا و پێویستی بەکارهێنانی سنوورداری وزە لە جیهانە.