کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێککەوتنی ناوەندە باڵاکانی ڕێژیم بۆ سزادانی ئەو کەسانەی کە حیجابی زۆرەملێ ڕەچاو ناکەن

10:34 - 6 خاکەلێوه 2724

نوێنەری ڕێژیم لە ئێسفەهان ڕایگەیاندووە کە هەموو ناوەندەکانی ڕێژیم بۆ سزادانی ئەو هاووڵاتییانەی کە حیجابی زۆرەملێ ڕەچاو ناکەن، ڕێککەوتنیان کردووە.

بە وتەی بانکی پوور، شۆرای باڵای فەرهەنگی، شۆرای باڵای ئینقلابی میللی، هێزی دادوەری، هێزی جێبەجێکار، مەجلیس و شۆرای نیگەهبان، ئەو ٥ ناوەندە سەرەکییەی ڕێژیمن کە لەم بارەوە ڕێککەوتنیان کردووە.

ناوبراو پێشتر لە بەرنامەیەکی تلویزیۆنیدا سەبارەت بە سزای نوێی گەڵاڵەی "حیجاب  وعیفاف"، ڕایگەیاندبوو کە ئەگەر کەسێک حیجابی زۆرەملێ ڕەچاو نەکات بڕی ٣ میلیۆن تمەن سزا دەدرێ و ئەم پارەیە لە هەژمارە بانکییەکەی هەڵدەگیرێت.

بە وتەی بانکی پوور ئەم گەڵاڵەیە لەلایەن شۆرای نیگەهبانی ڕێژیمەوە پەسەند کراوە و بووەتە یاسا و پاش پشووی نەورۆز جێبەجێ دەکرێ.

ڕۆژنامەی فەرهیختگان لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیم لەمبارەوە دەسەڵاتی نییە و پێبژاردنی سزای نەختی لەلایەن پۆلیسەوە ئەنجام دەدرێت.

دیاریکردنی سزای ٣ میلیۆنی کاردانەوەی خەڵکانی ئێرانی لێ کەوتووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە ئەمە تووڕەیی و ڕقی ئێمە لە کۆماری ئیسلامی زیاتر دەکاتەوە.

پێشتر و لە مانگی خەرمانانی ١٤٠٢دا، ژمارەیەک لە کارناسانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لەوانە جاوید ڕەحمان، ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی ئەم ڕێکخراوەیە بۆ کاروباری ئێران، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە گەڵاڵەی حیجابی زۆرەملێی کۆماری ئیسلامی، سزاکانی ئەم گەڵاڵەیە بۆ هاووڵاتییانی بە ئاپارتایدی ڕەگەزی و هەڵاواردنی سیستماتیک دژی ژنان و کچان ناو برد.

پێداگریی ڕێژیم لەسەر سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ لەکاتێکدایە کە کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن گەشتی ئێرشادەوە بەم بیانوویە، خەڵکانی ئێرانی بە دژی ئەم سیاسەتە هێنایە سەر شەقام و ئەوەی کە ئێستا لەلایەن خەڵکەوە بە بەرفراوانی ڕەچاو ناکرێ، ۆیجابی زۆرەملێیە.