کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەشتییەکی بریتانیایی دوای هێرشی حوسییەکان لە دەریای سوور نوقم بوو

11:50 - 13 رەشەمه 2723

بەپێی ئەوە ڕاپۆرتانەی کە بڵاو کراونەتەوە کەشتییەکی بارهەڵگری بریتانیایی بە ناوی "ڕوبی مار" کە نزیک بە دوو حەفتە پێش ئێستا لە ئاوەکانی دەریای سووردا لەلایەن گرووپی حوسییەکانەوە کرابووە ئامانج بە تەواوی ژێر ئاو کەوتووە و نوقم بووە.

لەگەڵ دەستپێکی هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە ئاوەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن ئەمە یەکەمین کەشتییە کە نوقم دەبێ.

دەوڵەتی یەمەن دوای نوقمبوونی ئەو کەشتییە بەفەرمی ڕایگەیاند کە باری ئەو کەشتییە کوودی شیمیایی بووە.

سێنتکام لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی نوقمبوونی ئەو کەشتییە، لەبارەی دەرئەنجامە خراپەکانی بۆ سەر ژینگە و پیسبوونی ئاوی دەریای سوور هۆشداری دا و ڕایگەیاند کە باری ئەو کەشتییە نزیک بە ٢١ هەزار تۆن کوودی سۆلفات ئامۆنیۆم فۆسفات بووە کە زیانێکی زۆر بە ژینگە دەگەیێنێ.

هەروەها سێنتکام ڕایگەیاندووە ئەو کەشتییەی کە نوقم بووە مەترسییەک بۆ سەر ڕێڕەوی هاتووچۆی کەشتییەکانی دیکەیە.

‌‌حوسییەکانی یەمەن بە پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران لە ئێستادا بوونەتە هەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆ سەر چالاکیی دەریایی جیهان، و لەوبارەیەوە ئەمریکا و هاوپەیمانانی چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە بۆ پاراستنی ئازادیی دەریاوانی و ئەمنییەتی ئاوە نێودەوڵەتییەکانی پێکەوە ڕێککەوتوون؛ هەتا ئێستاش هێزەکانی ئەمریکا و بریتانیا چەندین جار لە وڵامی هێرشی حوسییەکان هێرشیان کردووەتە سەر پێگە و دامەزراوەکانی حوسییەکان لە یەمەن.