باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتێرزی ڕاگەیاندووە، داعش هێشتا وەک هەڕەشەیەک لە عێراقدا ماوەتەوە و هاوکارییەکانی هاوپەیمانی سەربازی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لەگەڵ عێراق بۆ شکستپێهێنانی ئەو گرووپە هێشتا کۆتایی نەهاتووە.
سیاسەتمەدارانی باڵای عێراق لە نێویاندا محەممەد سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرەڕای بەردەوامیی هێرشەکانی گرووپەکانی سەر بە داعش لە ناوچە جیاجیاکان لە جیهاندا چەندین جار ڕایانگەیاندووە، کە داعش چیتر هەڕەشە نییە لە عێراق، هەروەها پێویست بە بوونی هاوپەیمانییەکە لە عێراق ناکات.
ئالینا ڕۆمانۆڤسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ڕایگەیاند: هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکەین کە داعش لە عێراق هێشتا هەڕەشەیە، مەترسییەکەی زۆر زۆر کەم بووەتەوە، بەڵام لە بنەڕەتدا کارەکانمان کۆتایی پێ نەهاتووە، دەمانەوێت دڵنیابین لەوەی هێزە عێراقییەکان دەتوانن بۆ هەمیشە داعش تێکبشکێنن.
ناوبراو ئەو قسانەی دوای ئەوە کرد کە داعش هێرشەکەی ڕۆژی هەینی بۆ سەر هۆڵێکی کۆنسێرتی لە نزیک مۆسکۆ وە ئەستۆ گرت کە ١٣٧ کەسی لێ کوژرا و وتی ئەم ڕووداوە بیرمان دێنێتەوە کە داعش دوژمنێکی هاوبەشی تێرۆریستییە و دەبێت لە هەموو شوێنێکدا شکستی پێبهێنرێت.
ناوبراو زیادی کرد: هەر بۆیە ئەمریکا و عێراق پابەندبوونێکی هاوبەشیان هەیە بۆ دەستەبەرکردنی شکستی هەمیشەیی داعش، ئەمەش بەشێک لە کارکردنی پێکەوەیی بۆ داڕشتنی هاوبەشییەکی ئەمنی دوولایەنەی بەهێزی لە نێوان ئەمریکا و عێراقە.
بڕیارە ڕۆژی ٢٧ی خاکەلێوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ جۆ بایدێن، سەرۆکی ئەمریکا لە واشنگتۆن کۆ ببێتەوە و باس لە داهاتووی هاوپەیمانییەکە لە عێراق بکات، هەروەها لە بواری چاکسازی داراییەکانی ئەو وڵاتە و هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ ڕزگارکردنی عێراق لە پشتبەستن بە کارەبا و گازی ئێران گفتوگۆ بکەن.
هەرچەندە ئەرکی هاوپەیمانییەکە ڕاوێژکردن و هاوکاریکردنی هێزە عێراقییەکان لە شەڕ دژی داعشە، بەڵام بە وتەی بەرپرسانی ڕۆژاوایی، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بوونی هاوپەیمانییەکە لە عێراق وەک هێزێک بۆ سنووردارکردنی کاریگەرییەکانی دەستێوەردانەکانی ڕێژێمی ئێران دەبینن.