کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل ٧٠٠ بەندکراوی فەلەستینی لەپێناو ٤٠ بارمتە ئازاد دەکات

08:51 - 6 خاکەلێوه 2724

سەرچاوە میدیاییەکانی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ٥ی خاکەلێوە بڵاویان کردەوە کە تێلاڤیڤ لە وتووێژەکانی ئەم حەفتەی قەتەر لە سەر ئازادیی ٧٠٠ تا ٨٠٠ بەندکراوی فەلەستینی لەپێناو ڕزگاریی ٤٠ بارمتەی ژێر دەستی حەماس، ڕێککەوتووە.

ئەم پێشکەوتنە لە وتووێژەکاندا بە دەسپێشخەریی ئەمریکا سەبارەت بە ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بەندکراوانی فەلەستینی لە بەرامبەر هەر یەک لە بارمتەکانی ژێر دەستی حەماس کراوە.

بەپێی ڕاپۆڕتی تایمزی ئیسرائیل ڤیلیام بێرنز بەرپرسی ڕێکخراوی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا "سیا" پێشنیارە نوێکەی بە ئامانجی نزیککردنەوەی داواکارییەکانی ئیسرائیل و حەماس سەبارەت بە ڕێژەی ئازادیی بەندکراوان و بارمتەکان، داوە.

ڕۆژنامەی جرۆزاڵم پۆست لە ڕاپۆڕتێکدا باسی لەوە کردووە کە نزیک بە ١٠٠ کەس لە بەندکراوەکان بە تاوانی کوشتنی خەڵکی ئیسرائیل لە هێرشە تێرۆریستییەکاندا، سزای بەندکرانی هەتاهەتاییان لە سەرە.

بەپێی ئەم سەرچاوە لەم ڕێککەوتنەدا لەپێناو هەر بارمتەیەکی ژن لە هێزە سەربازییەکانی ئیسرائیل، ٧ فەلەستینیی مەحکووم بە بەندکرانی هەتاهەتایی، ئازاد دەکرێت.

وردەکارییەکانی ژمارەی ئەو فەلەستینییانەی کە ئازاد دەکرێن و ناسنامەیان و هەروەها کێشەی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ باکووری غەززە هێشتا لە گۆڕێدایە.

شایانی باسە کە هێشتا ٩٠ کەس لە بارمتەکانی هێرشی تێرۆریستیی ١٥ی ڕەزبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، لەژێر دەستی ئەو گرووپە تێرۆریستییەی سەر بە ڕێژیمی ئێراندا ماوەتەوە.

لە سەرماوەزی ساڵی ڕابڕدوودا ١٠٠ بارمتە ئازاد کرابوو، هەروەها سەرچاوە ئیسرائیلییەکان پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە ٣٥ کەس لە بارمتەکانی ژێر دەستی حەماس تا ئێستە کوژراون.

حەماس بە هیوایە هەر ڕێکەوتنێک بکات تاکوو کۆتایی بە شەڕ بێنێت بەڵام ئامادە نییە کە ئاشتییەکی هەمیشەیی لەگەڵ ئیسرائیل بکات چونکە خوازیاری لەنێوچوونی ئەو وڵاتەیە، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل دەیهەوێت تا کۆتاییهێنان و لەنێوبردنی گرووپی حەماس، درێژە بە شەڕەکە بدات.