کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهای ڕیاڵ بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکا گەیشتە نزمترین ئاستی خۆی

12:29 - 6 خاکەلێوه 2724

هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی خەڵک لە جێژن و ڕێوەڕەسمەکانی ساڵی نوێ، بەهای دراوی ئێران بۆ نزمترین ئاستی خۆی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکا دابەزی.

ڕۆژی یەکشەممە ٥ی خاکەلێوە نرخی هەر یەک دۆلاری ئەمریکا گەیشتە ٦١٣ هەزار و ٥٠٠ ڕیاڵ کە نزمترین ئاست لە مێژووی ئەم دراوەدایە.

بەپێی ڕاپۆڕتی ئاسۆشەیتێدپرێس لە زاری سەڕافییەکانی تارانەوە، پشووی نەورۆزی یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم دابەزینەن.

ئەم ڕاپۆڕتە باسی لەوە کردووە کە بە هۆی داخستنی ژمارەیەکی زۆر لە سەڕافییەکان بە هۆی پشووی نەورۆزییەوە و نەبوونی دراو بۆ ئاڵوگۆڕ، ئەم دابەزینە ڕووی داوە.

لە ماوەی یەک مانگدا ئەمە دووهەم جارە کە بەهای ڕیاڵ نزمترین ئاستی خۆی تۆمار دەکات.

جارێ یەکەم لە کاتی شانۆی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی خێبرگان و شۆرای ئیسلامی بوو.

دۆخی خراپی ئابووری و هەڵاوسان و دابەزینی بەهای دراوی ئێران لەکاتێکدایە کە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران لە کاتی دەسبەکاربوونیدا بەڵێنی دابوو کە نرخی هەڵاوسان یەک ڕەقەمی بکاتەوە و نەهێڵێت بەهای ڕیاڵ لەوە زیاتر دابەزین بە خۆیەوە ببینێت.

ڕیاڵی ئێران پلەی یەکەمی بێ نرخترین دراوی لە جیهاندا، بۆ خۆی تۆمار کردووە.