کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەک لە سێی شارەکانی ئێران بەرەوڕووی قەیرانی ئاو بوونەتەوە

12:09 - 6 خاکەلێوه 2724

بەپێی ئاماری وەزارەتی وزەی ڕێژیم، لە سەرەتای پاییزی ساڵی ڕابردووەوە نزیکەی ٣١٩ شاری ئێران بەرەوڕووی قەیرانی ئاو بوونەتەوە.

هاشم ئەمینی بەڕێوبەری گشتیی شیرکەتی ئاو و ئاوەڕۆی ئێران ڕایگەیاندووە کە بەپێی دوایین ڕاپۆڕتی ڕێژەی بارینەکان لە سەرەتای پاییزی ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستە، نزیکەی ٣١٩ شار لەگەڵ قەیرانی ئاو ڕووبەڕوو بوونەتەوە.

بە وتەی ئەمینی بڕیارەکانی دەوڵەتی سێزدەیەم سەبارەت بە ئەنجامدانی هەزار و ١٣٠ پرۆژەی گەیاندنی ئاو بۆ شارەکان بە گشتی ئەنجام نەبووە و تەنیا ٦٣٠ پرۆژە سەری گرتووە.

وشکەساڵییە بەردەوامەکانی ئێران پاشەکەوتی ئاویان تا ڕێژەیەکی زۆر کەم کردووەتەوە و ناوچەگەلێکی زۆری تووشی قەیرانی ئاو کردووە و هەروەها خەڵکیان ناچار بە کۆچ بەرەوە ناوچەکانی دیکە کردووە کە ئاوی تێدایە و ئەمەش بووەتە هۆی گرژی لە نێوان پارێزگاکاندا.

بەپێی ڕاگەیاندنی بەرپرسانی خودی ڕێژیم ژمارەیەکی زۆر لە شارەکانی ئێران بەرەوڕووی قەیرانی ئاو بوونەتەوە و لە داهاتووشدا ژمارەیەکی زیاتر تووشی ئەو قەیرانە دەبن و دەوڵەتیش بۆ چارەسەری ئەو قەیرانانە بوودجەی پێویستی نییە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە ڕێژیم بەردەوام بۆ سیاسەتە شەڕەنگێزییەکانی لە ناوچەکە و جیهاندا بوودجەیەکی زۆر تەرخان دەکات و هیچ هەوڵێکی جیددی بۆ پێشگرتن بەم قەیرانانە نادات.

بە پێچەوانەی بڕوای گشتیی کە بێ ئاوی و قەیرانی ئاو تەنیا بە پارێزگاکانی ناوەندی ئێرانەوە گرێ دراوە، زۆربەی شار و گوندەکانی هەموو بەشەکانی ئێران بە هۆی نەبوونی ژێرخانی پێویست و کەڵکوەرگرتنی نادروست لە پاشەکەوتە ئاوییەکان، بەرەوڕووی قەیرانی ئاو بوونەتەوە یان لە داهاتوودا تووشی ئەو کێشەیە، دەبن.

لە دەیەکانی ڕابڕدوودا دروستکردنی بەنداوی ناپێویست، گواستنەوەی ئاو و زێدەڕۆیی لە دەرهێنانی ئاوەکانی ژێر زەوی لە کاتێکدا کە گۆی زەوی بەرەوڕووی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بووەتەوە، لە هۆکارەکانی دروستبوونی قەیرانی ئاو لە ئێراندا بووە.