کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکییەکانی ئەنجومەنێکی ژینگەپارێزی لە بۆکان هەڵپەسێردران

14:41 - 6 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی خاکەلێوە، ئەنجومەنی سروشتی شارەکەم، لە شاری بۆکان، لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆیدا، سەبارەت بە هەڵپەساردنی چالاکییەکانی ئاگادارییەکی بڵاو کردەوە.

ئەم ئەنجومەنە لەم ئاگادارییەدا نووسیویەتی: پاش ٦ ساڵ چالاکیی فەرمی، بەداخەوە "ئەنجومەنی سروشتی شارەکەم" بۆ درێژەدان بە چالاکییەکانی خۆی لەگەڵ کێشەی ئابووری بەرەوڕوو بووەتەوە. بە پێچەوانەی حەز و خواستی دەروونیی خۆمان لەم بڕگە زەمەنییەدا ڕایدەگەینێن کە هەموو چالاکییەکانی ئەم ئەنجومەنە هەڵدەپەسێردرێن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بە پێچەوانەی ئەم ئاگادارییە، هۆکاری سەرەکیی هەڵپەساردنی چالاکییەکانی ئەم ئەنجومەنە، بە هۆی گوشارەکانی ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم بووە و پێدەچێت ئەم گوشارە بە هۆی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەت بە نەورۆزی ئەمساڵ لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی ئەم ئەنجومەنە بووبێت.

ئەم ئەنجومەنە جیا لەوەی کە لە بواری ژینگەپارێزیدا چالاکیی هەبووە، چەندین جاریش کۆڕی کتێب خوێندنی بۆ ئەندامەکانی خۆی ڕێک خستووە.

زیندووبوونی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستان وای کردووە کە ڕێژیم زیاتر گوشار بخاتە سەریان و پێش بە چالاکییەکانیان بگرێت.