کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ و دراو لە پاش شانۆی هەڵبژاردنەکان لە ئێران

11:56 - 13 رەشەمه 2723

ئێوارەی ڕۆژی شەممە و ڕۆژێک پاش شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم کە لەلایەن گەلانی ئێرانەوە بایکۆت کرا و لە درێژەی ڕەوتی بەرزبوونەوی نرخەکان، نرخی دراوە جیهانییەکان و زێڕ و سکە بەرزبوونەوەیەکی دیکەیان بە خۆیانەوە بینی.

نرخی زێڕ و دراو و سکە ڕۆژێک لە دوای شانۆی هەڵبژاردنەکانی ئێران بەرز بووەوە و سکەی بەهاری ئازادی گەیشتە ٣٢ میلیۆن و ٤٩٥ هەزار تمەن و نرخی دۆلار ٦٠ هەزار تمەنی تێپەڕ کرد.

بەرزبوونەی نرخی دراوە گرینگە جیهانییەکان لە بەرامبەر ڕیاڵی ئێران لە چەند مانگی ڕابردوودا و پاش هێرشی تێرۆریستیی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و هەروەها هێرشی میلیشیاکانی دیکەی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور و هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، پەرەی سەندووە بە شێوەیەک کە تەنیا لە دوو مانگی ڕابردوودا ڕیاڵ ٢٠ لەسەد بایەخی خۆی لەهەمبەر دۆلاری ئەمریکا و دراوە گرینگەکانی دیکەی جیهان لەدەست داوە.

بەرزبوونەوی نرخەکان و بەتایبەتی نرخی دراو و زێڕ لە دەوڵەتی ڕەئیسی لەکاتێکدایە کە سەقامگیرکردنی نرخی دراو دروشمی سەرەکیی ئیبراهیم ڕەئیسی پێش هاتنەسەرکاری بوو.

پاش دوو ساڵ و نیو لە هاتنەسەرکاری ڕەئیسی و لە ئێستادا ڕیاڵی ئێران نزیکەی ٦٠ لەسەدی بایەخی خۆی لەدەست داوە و پێوەرەکانی وەک هەڵاوسان لە خراپترین دۆخدان.

بەپێی هەڵسەنگاندنە جیهانییەکان، ڕیاڵی ئێران لە ئێستادا بێبایەخترین دراوی جیهان بەئەژمار دێت.