کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باشترین مامۆستاکانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تارانی لە دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسیدا دەرکراون

11:06 - 7 خاکەلێوه 2724

دەوڵەتی ئیبراهیمی ڕەئیسی لە ماوەی ٢ ساڵی ڕابردوودا نزیک بە ٤٠ کەس لە باشترین ئەندامەکانی لیژنەی زانستیی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تارانی دەر کردووە یان ناچاری کردوون کە خۆیان خانەنشین بکەن.

ڕەزا مەلەکزادە وەزیری تەندروستیی پێشووی ڕێژیم لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی جەماران ڕایگەیاند دەرکردنی مامۆستا باشەکانی بواری پزیشکی بۆ وڵات کارەساتە و بەم جۆرە هەڵسوکەوتگەلە لاوەکان لە درێژەدان بە خوێندن بێهیوا دەبن.

مەلەکزادە کە خۆشی لەم دواییانەدا لە وانەوتنەوەی ئەو زانکۆیە لابراوە، پشتڕاستی کردووەتەوە کە گرووپی بەڕێوبەریی زانکۆی تاران کە لەلایەن دەوڵەتی ڕەئیسییەوە دانراوە، لە ماوەی ٢ ساڵدا بە ڕێژەی ٢٠٠ پلە، ئاستی زانکۆکەی لە پلەبەندیی جیهانییدا دابەزاندووە و کەشێکی بێهیوایی لە زانکۆکەدا دروست کردووە.

پێشتر زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تاران یەکێک لە زانکۆ ئاست بەرزەکان لە ئێران و جیهاندا بوو.

هەر لەم پێوەندییەدا بەرپرسی ڕێکخراوی نیزام پزیشکی، ٢٧ی ڕەشەمە سەبارەت بە دۆخی خراپی پزیشکی و هەروەها داڕمانی سیستەمی پزیشکی لە ئێراندا، هۆشداریی دابوو.

مستەفا مۆعین لە هۆشدارییەکەی خۆی بەم پرسە ڕایگەیاندبوو کە بەڕێوبردنی نازانستیی وەزارەتی تەندروستی، تەرخاننەکردنی بوودجە بۆ تەندروستیی خەڵک، سیاسەتی نازانستیی شۆرای باڵای ئینقلابی فەرهەنگی، پەرەدان بە خورافات و کۆنەپەرستی و زانستی درۆ لە چوارچێوەی پزیشکیی ئیسلامی لە دەنگوڕەنگی ڕێژیمدا و هەروەها سوکایەتیکردن بە کۆمەڵگەی پزیشکی، لە هۆکارەکانی پەنابردن و هەڵاتنی بە لێشاوی پزیشکان و پەرستاران بۆ وڵاتانی دەرەوەیە.

شایانی باسە کە ڕەوتی پەنابەری و هەڵاتنی بە لێشاوی خەڵکی ئێران و بەتایبەتی خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆکان پاش بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، کە تۆقاندن و هەڕەشە و هەروەها بێهیوایی و نەبوونی داهاتوویەکی ڕوون، هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم دیاردەیەن.