کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرگی دووهەمی کتێبی «سوورخەڵاتان» چاپ و بڵاو بۆوە

12:27 - 7 خاکەلێوه 2724

بەرگی دووهەمی کتێبی «سوورخەڵاتان» کە تایبەتە بە ژیاننامەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاپ و بڵاو بۆوە. بەرگی دووهەمی "سوورخەڵاتان" ژیان و بەسەرهاتی ٥٠ شەهید لە شەهیدانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»ی لەخۆی گرتووە و، لە توێی ٢٧٤ لاپەڕەدا چاپ بووە. بەرگی یەکەمی "سوورخەڵاتان" خەرمانانی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی و لە ساڵیادی دەسپێکی شۆڕشی ژینادا چاپ و بڵاو ببۆوە.

سۆما ناسری، ئامادەکاری پڕۆژەکە لەو بارەوە بە «کوردستان»ی ڕایگەیاند: لاوانی خۆنەویستی کورد لە شۆڕشی ژینادا بە ئازایەتی و لەخۆبوردوویی خۆیان چەخماغەی ڕاپەڕینێکیان لێ دا و بوونەتە ئیلهامدەر بۆ درێژەی خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیەک هەتا سەرکەوتن، بۆیە پێویست بوو ژیان و بەسەرهاتی ئەو پۆلە شەهیدە کە بوونەتە سەرباشقە بۆ هەمووان لە توێی کتێبێکدا تۆمار بکرێت. ناوبراو گوتی پڕۆژەکە هێشتا تەواو نەبووە و بەرگی سێهەمی کتێبەکەش کە ژیاننامەی پۆلێکی دیکە لە شەهیدانی لە خۆ گرتوە، لە داهاتوویەکی نیزیکدا چاپ و بڵاو دەبێتەوە. سۆما گوتی بەرگی یەکەم و دووهەمی سوورخەڵاتان بەسەریەکەوە ژیاننامەی ۱۰۰ شەهیدی شۆڕشی ژینای لەخۆ گرتوە.

لە شۆڕشی ژینادا لانیکەم ١٣٤ کەس لە کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید بوون کە ١٣ کەسیان تەمەن خوار ١٨ ساڵ و شەش کەس لە کوژراوەکان ژن بوون. هەروەها زیاتر لە ٦٠٠٠ کەس بە فیشەکی شەڕ بریندار بوون کە بەشێکی زۆر لەوان لە ترسی گیران هەر لە ماڵ و لەلایەن پزیشک و پەرەستارە خۆبەخشەکانەوە چارەسەر کران و زۆر لەوان چاو یان لەدەست دا.

بۆ دانلۆدی بەرگی یەکەمی "سوورخەڵاتان" کلیک لەسەر ئەو لینکە بکەن

بۆ دانلۆدی بەرگی دووهەمی "سوورخەڵاتان" کلیک لەسەر ئەو لینکە بکەن