کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی دووبارەی بەرپرسانی ڕێژیم لە وڵاتانی کەنداو

14:15 - 1 خەرمانان 2726

ئیبراهیم ڕەزایی ئەندامی کۆمیسیۆنی ئەمنییەت و بەرگریی مەجلیسی ڕێژیم هەڕەشەی سەربازیی لە وڵاتانی کەنداو لەوانەش قەتەر، ئێمارات و کوەیت کرد.

ئیبراهیم ڕەزایی سەر بە باڵی توندئاژۆی سپای تێرۆریستیی پاسداران ئەمڕۆ یەکشەممە ١ی خەرمانان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی هەڕەشەئامێزی ڕوو لە وڵاتانی عەرەبی و کەنداو بڵاو کردەوە و نووسیویەتی: "بە گوێرەی زانیارییەکان، فڕۆکە شەڕکەر و سووتەمەنیبەرەکانی ئەمریکا، لە فڕۆکەخانەکانی قەتەر، کوەیت و ئێمارات جێگیر بوون و ماڵەکانیان کردووەتە سەنگەری دوژمن".

ئەو بەناو نوێنەرەی مەجلیسی ڕێژیم هەڕەشەی لەو سێ وڵاتە کرد و ڕایگەیاند: "ئەگەر فڕۆکەکانی ئەمریکا هێرش بکەنە سەر کۆماری ئیسلامی، ئەوە بەدڵنیاییەوە هێزە چەکدارەکان لە هێرشکەنە سەر قەتەر، کوەیت و ئێمارات دەست ناپارێزن".

لە دوای هێرشە ئاسمانییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لە ٩ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، کە تێیدا عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازییەکانی ئەو ڕێژیمەوە کوژران، ڕێژیمی تاران تەنیا لە یەک مانگدا زیاتر لە ٥ هەزار و ٢٠٠ هێرشی مووشەکیی کردە سەر وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل، کە لەو ڕێژەیە، ٨٠ لەسەدی هێرشەکان بۆ سەر وڵاتانی کەنداو بووە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەو ماوەیەوەدا ئێماراتی بە ١٩١٤ دڕۆن، ٤٢٩ مووشکی بالستیک، عەرەبستان بە هەزار و شەش دڕۆن، ٥٧ مووشەکی بالستیک، کوەیت بە ٦١٦ دڕۆن، ٣٠٩ مووشەکی بالستیک، قەتەر، ٢٠٦ دڕۆن، ٩٠ مووشەکی بالستیک، ٢ فڕۆکەی شەڕکەر، بەحرەین بە ٣٩١ دڕۆن، ١٧٤ مووشەکی بالستیک، عومانیشی بە ١٩ دڕۆن کردووەتەوە ئامانج.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەو پێوەندییەدا نزیک بە هزاران جار هێرشی مووشەکی و دڕۆنی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا، تا ئێستا ٣٢ کەس گیانیان لەدەست داوە و ١٥٤ کەسی دیکەش بریندار بوون.

لەکۆی ئەو ٣٢ کەسەی لە ئاکامی هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران و گرووپە تێرۆرستییە نیابەتییەکانی شەهید بوون، ٢٠ شەهید سەر بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن.