کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل: ڕێژیمی ئێران لە چوار بەرەدا دژی ئیسرائیل چالاکی دەکات

12:30 - 7 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی دووشەممە ٦ی خاکەلێوە وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕێژیمی ئێرانی بە "دوژمنی سەرەکیی ئیسرائیل" ناو برد و وتی: ئەو ڕێژیمە لە چوار بەرەی جیاوازدا دژی ئیسرائیل چالاکی دەکات.

دانیێل هاگاری لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە وڵامی پرسیارێکی گۆڤاری نیوزویک ڕایگەیاند، ڕێژیمی ئێران بەشێوەیەکی سەردەمیانە لوبنان، یەمەن، عێراق و سووریەی داگیر کردووە و ئەو وڵاتانەی بۆ شەڕکردن نەک تەنیا دژی ئیسرائیل، بەڵکوو دژی وڵاتانی سوننە مەزهەب و خەڵکی مەدەنیی بێتاوان بەکار هێناوە.

ناوبراو گرووپە فەلەستینیەکان و میلیشیا ئیسلامییەکانی لوبنان، عێراق، سووریە و یەمەنی بە ئەندامی کەمپەینی تێکدەرانەی ڕێژیمی ئێران ناو برد و ڕایگەیاند: دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران چەندین جار ڕەتیان کردووەتەوە کە فەرماندەیی یان کۆنترۆڵکردنی میلیشیاکانی ناسراو بە میحوەری موقاومەت دەکەن بەڵام هەمیشە بەتایبەت لە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا ڕێژیمی ئێران جەختی لەسەر پشتیوانیی سەرتاسەری لەو گرووپانە کردووە.

وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل زیادی کرد: ڕێژیمی ئێران زانیاری و چەک بە حیزبوڵڵا و حوسییەکان و میلیشیاکانی لە عێراق و سووریە دەدات تاکوو ئەو گرووپانە ئاڵۆزی لە ناوچەکە دا دروست بکەن، و لە بەرانبەردا ئەوانیش پارەی باش لە ڕێژیم وەردەگرن بۆ دروستکردنی نائەمنی.

دوای هێرشی گرووپی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە مانگی ڕەزبەری ساڵی رابردوودا و کۆمەڵکوژیی زیاتر لە ١٢٠٠ ژن و پیاو کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون، ئیسرائیل بۆ بەرگری لە خۆی هێرش بۆ سەر گرووپە ئیسلامییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەی زیاتر کرد.

عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران ماوەیەک پێش ئێستا وتی: ئێمە تا دەتوانین پشتیوانی و یارمەتی گرووپەکانی موقاومەت دەکەین و ستایشی کارەکانیان دەکەین، بەڵام ئەوانن کە بڕیار دەدەن کە چی بکەن و چۆن هەنگاو هەڵبگرن و ئەوەش مافی خۆیانە.

هەر لەو پێوەندییەدا، ئاژانسی هەواڵی ئیسنا ڕۆژی سێشەممە ۷ی خاکەلێوە ڕایگەیاند کە ئیسماعیل هەنیە، بەرپرسی نووسینگەی سیاسیی گرووپی فەلەستینیی حەماس، سەردانی تاران دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئێران لەوانە حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان دیدار و ڕاوێژ دەکات.