کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چین خەریکی سیخوڕیی سایبێریی بەربڵاو لە جیهانە

12:34 - 7 خاکەلێوه 2724

بەرپرسانی ئەمریکا و بریتانیا وڵاتی چینیان بە سیخوڕیکردنی سایبێری لە میلیۆنان کەسی یاسادانەر، ڕۆژنامەوان، خوێندکار و کۆمپانییە جیاوازەکانی جیهان بەتایبەتی ئەو کۆمپانییانەی کە لە بواری بەرگریدا چالاکییان هەیە، تۆمەتبار کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز بەرپرسانی دوو وڵاتی ناوبراو ئاماژەیان بە گرووپێکی هاکێری بە ناوی "هەڕەشەی بەردەوام و پێشکەوتوو" یان "ئەی پی تی ٣١" کردووە کە وەک باڵێکی دەزگای ئەمنییەتیی چین، سیخوڕیی لە کارمەندانی کۆشکی سپی و یاسادانەرانی ئەمریکا و بریتانیا و بەرپرسانی هەموو وڵاتانی جیهان کردووە.

لیزا مۆناکۆ جێگری دادوەریی گشتیی ئەمریکا بە دەرکردنی بەیاننامەیەک لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە ئامانجی گرووپی هاکێریی "ئەی پی تی ٣١" ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی سایبێریی جیهانیی بە مەبەستی سەرکوتی ڕەخنەگرانی ڕێژیمی چین، هەڕەشە لە دامەزراوە دەوڵەتییەکان و دزینی نهێنییە بازرگانییەکانە.

دادوەریی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ٦ی خاکەلێوە بە دژی ٧ هاکێری چینی کە گومان دەکرێت لەو ئۆپەراسیۆنە سایبێرییەدا دەستیان هەبووبێت، تۆمەتنامەیەکی دەر کردووە.

هەروەها وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، کۆمەڵێک سزای بەسەر دامەزراوەی زانست و تێکنۆلۆژیی "وۆهان شیائوروویجی" و ٢ هاووڵاتیی چینیدا سەپاندووە.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسانی بریتانیا گرووپی "ئەی پی تی ٣١"یان بە هاککردنی یاسادانەرانی بریتانیایی کە ڕەخنەگری سیاسەتەکانی چین بوون تۆمەتبار کردووە و ڕایانگەیاندووە کە ئەم گرووپە لە پشتی هاککردنی ڕێکخراوی چاوەدێریی هەڵبژاردنەکانی بریتانیا بووە.

لەم پێوەندییەدا باڵوێزی چین لە لەندەن ئیدعای بەرپرسانی بریتانیای بە تۆمەتی بێبنەما و دژبەرانە لە قەڵەم داوە.

شایانی باسە کە لەم دواییانەدا ناوەندە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا لە نوێترین ڕاپۆڕتی ئەمنییەتیی خۆیاندا سەبارەت بە هەڕەشە بۆ سەر ئەمنییەتی نەتەوەیی و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، ٣ وڵاتی چین، ڕووسیە و ڕێژیمی ئێرانیان وەک هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ئەمنییەت و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، لە قەڵەم داوە.