کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندان بە دژی لەسێدارەدانەکانی ئێران لە چەند وڵاتی ئورووپایی

12:07 - 13 رەشەمه 2723

ڕۆژی شەممە ١٢ی ڕەشەمە ژمارەیەک لە کوردان و ئێرانییانی دەرەوەی وڵات لە شارەکانی بریزێن، ستۆکهۆڵم و ئامێستردام بە دژی لەسێدارەدانەکان لە ئێران کۆبوونەوەیان بەڕێوە بردووە.

کووبوونەوەکان لە چوارچێوەی کەمپەینی "نا بۆ لەسێدارەدان لە ئێران" بەڕێوە چووە و ئامانج دەربڕینی ناڕەزایەتی بە دژی ڕەوتی لەسێدارەدانەکان لە ئێران پاش هاتنەسەرکاری ڕێژیمی ئیسلامییە و داوایان کردووە کە سزای لەسێدارەدان بە شێوەی گشتیی لا ببردرێت و نەمێنێت.

ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە لە شاری ستۆکهۆڵم بە لە بەدەستەوەگرتنی پلاکارد و وێنەی ژمارەیەک لەو کەسانەی کەلە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن ڕێژیمەوە لە سێدارە دراون، لە بەردەم وەزارەتی دەرەوە و پارلەمانی سوید کۆ بوونەوە و دژی لەسێدارەدانەکان لەلایەن  ڕێژیمەوە دروشمیان دا.

لە چەند مانگی ڕابردوودا و  دوای چڕبوونەوەی ڕەوتی لەسێدارەدانەکان لە ئێران چەند جار لە چوارچێوەی کەمپەینەکانی "نا بۆ لەسێدارەدان" و "ڕاپەڕین بە دژی لەسێدارەدان" کۆبوونەو و خۆپیشاندان لە چەند شارێکی ئورووپا و جیهان بەڕێوە چوو.

بەپێی ئاماری ساڵانەی هێرانا، لانیکەم ٧٩١ کەس کە ٢٥ ژن و دوو منداڵیشیان تێدایە لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا لە سێدارە دران کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووی نزیک بە ٣٤ لەسەد، زیادی کردووە.

ڕەوتی لەسێدارەدانەکان لە پاش دەسپێکی ساڵی نوێی زایینی هیچ کەمی نەکردووە و لە پاش تێپەڕبوونی ٢ مانگ لە ساڵی ٢٠٢٤ی زایینی، ڕێژیمی ئێران ٨٢ کەسی لە سێدارە داوە.

شایانی باسە کە ئێران بەپێی حەشیمەتەکەی پلەی یەکەمی جیهانی بۆ لەسێدارەدانی هاووڵاتییەکانی خۆی هەیە.