کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزی دەریایی ئیتالیا پەهبادێکی حوسییەکانی لە دەریای سوور خستە خوارەوە

12:13 - 13 رەشەمه 2723

گیدۆ کرۆستۆ، وەزیری بەرگریی ئیتالیا ڕایگەیاند، کەشتییەکی سەربازیی ئیتالیا بە نێوی دویلیۆ، پەهبادێکی حوسییەکانی لە دەریای سوور کە لەو کەشتییە نزیک دەبووەوە،  خستووەتە خوارەوە.

ئیتالیا ئەو کارەی بە بەرگریکردن لە خۆی لەلایەن کەشتیی دویلیۆ نێو بردووە.

لە ئێستادا ئەرکی دویلیۆ پاراستنی ڕێڕەوی بازرگانی لە بەرامبەر هێرشی پەهباد و مووشەکی میلیشیا حوسییەکانە کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن.

وەزیری بەرگریی ئیتالیا باسی لەوە کرد، هێرشەکانی حوسییەکان کە ئامانجیان نیشاندانی هاوکاری لەگەڵ حەماسە بەشێک لە ستراتێژیی شەڕی پێکەوەیی دژ بە هەندێک وڵاتە.

ناوبراو زیادی کردووە، هێرشە تیرۆریستییەکانی حوسییەکان بە پاڵپشتیی ڕێژیمی ئێران، پێشێلکارییەکی جیددیی یاسا نێودەوڵەتییەکان و هێرش بۆ سەر ئاسایشی هاتوچۆی دەریاییە.

هێرشە بەربڵاوەکانی حوسییەکان بۆ سەر هێڵی کەشتیوانی لە ئاوە ئازادە بازرگانییەکان، لە ڕێگەی پەهباد و مووشەکەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەکرێ.

حووسییەکان، کە لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختی یەمەندا گرتووە، خۆیان بە بەشێک لە بەرەی موقاومەت دەزانن.