کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سزا نوێیەکانی ئەمریکا بۆ سەر سپای قودس، حوسییەکان و حیزبوڵڵا

12:51 - 8 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی سێشەممە ٧ی خاکەلێوە وەزارەتی دارایی ئامریکا بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ڕایگەیاند کە سزای نوێیان خستووەتە سەر شەش ناوەند و کەسێک و دوو نەوتکێش کە چالاکی ئابووری بۆ سپای قودسی پاسداران و حیزبوڵڵای لوبنان ئەنجام ئەدەن.

وەزارەتی دارایی ئامریکا ڕایگەیاند کە لایەنە سزادراوەکان ئاسانکارییان کردووە بۆ گواستنەوەی کاڵا و مامەڵە داراییەکانی سەر بە سپای قودس و میلیشیاکانی و  ئەوانەی کە گەمارۆ دراون لە لیبریا، هێند، ڤیێتنام، لوبنان و کوەیت جێگیرن.

بە وتەی مەتیۆ میلێر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەمریکا لەسەر پەکخستنی تۆڕی دارایی سپای قودسی سپای پاسداران و گرووپەکانی وەک حوسییەکان لە کارەکانی و دانانی سزای نوێ بەردەوام دەبێت.

هەروەها میلێر وتی داوا لە کۆمەڵگەی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی دەکەین هەنگاوی زیاتر بۆ ڕێگریکردن لە سپای قودس، حوسییەکان و حیزبوڵڵای لوبنان لە خراپ بەکارهێنانی بازاڕەکانی وزەی جیهانی بنێن.