سمایل شەرەفی
ڕێکەوتی ١١ی ڕەشەممەی ١٣٥٧ی هەتاوی (٤٥ ساڵ پێش ئێستا) دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی ئەوکاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە "میتینگی سەدهەزار کەسی" لە شاری مەهاباد و لە دوای شۆڕشی ٥٧، خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی ڕاگەیاند و لە دەقێکدا بە ناوی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبەوە، هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی حیزبی ڕوو بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، هێزە سیاسییەکانی ئێران و ڕێبەرانی شۆڕش ڕاگەیاند. دوکتور قاسملوو لە قسەکانیدا وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی وەک؛ "تجزیە طلبی" و "بەستراوە بە بێگانە" کە لە بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکرات درابوون و دەدران، ڕاشکاوانە باسی لە پێویستیی دێموکراتیزەکردنی دەسەڵات لە تاران و دەستەبەرکردنی مافە بەڕێوەبەرایەتی و نەتەوایەتییەکانی خەڵکی کوردستان و زەروورەتی یەکگرتوویی و پووچەڵکردنەوەی پیلانی ناکۆکینانەوەی نەیاران و، لە کۆتاییدا چێکردنی ئێرانێکی ئازاد و دێموکرات کرد. هەر لەم میتینگەدا سکرتێری گشتیی حیزب ڕایگەیاند کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو تۆمەتە ناڕەوایانەی دەدرێتە پاڵی، حاڵەتی دیفاعی بە خۆیەوە ناگرێ و نەتەنیا لە سەر داواکارییەکانی پاشگەز نابێتەوە، بەڵکوو بە هەموو هێزێکەوە هەوڵی دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان دەدات.
لە درێژەی ڕەوتی ڕووداوەکانی سەرەتای ساڵەکانی شۆڕشی ٥٧دا، هەر زوو دەرکەوت ڕێژیمی تازە بەدەسەڵاتگەیشتوو نەتەنیا ئامادە نییە گوێ لە ویست و داخوازییە ڕەوا و دێموکراتییەکانی حیزبی دێموکرات بگرێت، بەڵکوو لەگەڵ خۆگرتنەوەی، سیاسەتی هێرش بۆسەر کوردستان و نایاسایی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی گرتە بەر و دواتر لەژێر ناوی وتووێژدا دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی دوکتور قاسملوویان تێرۆر کرد.
ئەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ١١ی ڕەشەممەی ١٣٥٧ی هەتاویدا لە شاری مهاباد لە چوارچێوەی میتینگێکی سیاسییدا و بە مەبەستی ئاشکراکردنی خەباتی خۆی و ئاشکرا ڕاگەیاندنی ویستەکانی خۆی بە ئامادەبوونی حەشیمەتێکی سەدهەزار کەسیی پێکهاتوو لە سەرجەم چین و توێژەکانی خەڵکی ئێران و شار و ناوچە دوور و نزیکەکانی کوردستان و نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان و ڕۆژنامەنووسان کردی، خۆ دەرخستنێکی جەماوەریی مانادار بوو.
حیزبی دێموکرات وەک ڕێکخراوێکی نەتەوەیی کە لە سەر ئەساسی ویست و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان دامەزراوە، خۆی بە ڕەوتێکی جەماوەری و خاوەنپێگەی گشتی لە کۆمەڵگەی کوردستان دەزانێ. ئەم حیزبە کە کۆماری کوردستانیشی لە کارنەڤاڵێکی جەماوەریدا لە چوارچرای مهاباد ڕاگەیاند، پشتی بە گەلی خۆی بەستووە و جەماوەریبوون بەشێک لە پێناسەی حیزبی دێموکراتە. بۆیە کارکردن لەسەر درووستکردنی هەڵوێست و ڕەفتاری گشتیی کۆمەڵگە کە جیا لە گڕوتینبەخشین بە بزووتنەوەکە، نیشاندانی هێز و قورسایی بزووتنەوەی کوردستان بە بەردەنگە جۆراوجۆرەکانیەتی، بەشێک لە ماهییەتی کاری ڕێکخراوەیی، سیاسی و گوتاریی حیزبی دێموکراتە.
لەم پێوەندییەدا ئەوەی بۆ حیزبی دێموکرات لەسەروو هەموو شتێکەوەیە، خەڵکە. خەڵک بە مانا گشتی و جەماوەرییەکەی و ئەمەش تەنیا بە تێگەیشتن لە ویستی کۆمەڵانی خەڵک و ئاراستەکردنی لەسەر ئەساسی گەیاندنی پەیامی درووست و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی گشتی دێتە خەمڵاندن. بۆیە لە دوای میتینگی مهاباد، حیزبی دێموکرات بە ناسینی نێوەرۆکی ویست و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان لەلایەک و تێگەیشتن لە ماهییەتی "کۆماری ئیسلامیی ئێران" ڕێفراندۆم بۆ جۆری دەسەڵات لە ئێرانی بایکۆت کرد و کوردستان هەر لە سەرەتاوە "نا"ی بە کۆماری ئیسلامی گوت.
ئەگەر ٤٥ ساڵ پێش ئێستا نفووزی جەماوەریی حیزب و خەباتی نەتەوایەتی، قوڵایی و بەرینایی ئەمڕۆی نەبوو، و حیزبی دێموکرات توانی لە شاری مهاباد متیتینگێکی سەدهەزار کەسی پێک بێنێ، هیچ گومانی تێدا کە ئێستا هەم نفووزی جەماوەریی حیزب چەند هێندەی ئەو کات بەرینتر بۆتەوە و هەم بزووتنەوەی نەتەوایەتی لە کوردستان پەل و پۆی زیاتری بۆ هەموو شار و ناوچەکانی نیشتمان هاویشتووە.
جەماوەریبوونی ڕەفتار و هەڵوێستی خەڵک لە کوردستان کە لەم ١٠ بۆ ١٥ ساڵەی ڕابردوودا زیاتر لە هەمیشە لە بۆنە و دەرفەتەکاندا دەبیندرێ، بەرهەمی گەشەی سیاسی لە کوردستان و بەرزبوونەوەی ئاستی شعوری نەتەوەیی تاکەکانی کۆمەڵی کوردەوارییە کە وێڕای دامەزراوەییبوونی کاری بەکۆمەڵ و ڕێکخراوەیی لە کوردستان کە بەرهەمی حیزبە سیاسییەکانە، جۆرێک لە ڕێکخراوبوونی پێوە دیارە. لەم پێوەندییەدا ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستان لە دوو دەیەی ٨٠ و ٩٠ی هەتاویدا – سەرەڕای بڕینی قۆناغی پڕ لە بەربەست و سەرکوت – ڕۆڵی کاتالیزۆریان لە بەرینبوونەوەی ڕەفتاری جەماوەری لە کۆمەڵگەی کوردستاندا گێڕاوە.
یەکێک لە وێستگە دیار و شوێندانەرەکانی دیاردەی جەماوەریی بزووتنەوەی کوردستان، شۆڕشی ژینا بوو. کوردستان لەم قۆناغە لە خەباتی نەتەوایەتی خۆیدا دژ بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی، سنوورەکانی خۆی بڕی و دوای خۆنیشاندانێکی جەماوەری لە سەرشەقامەکان، بۆ بەشێکی زۆر لە شار و ناوچەکانی دیکەی ئیرانیش بوو بە نموونە و وەک ئۆلگوویەکی ڕەفتاری سەیری دەکرا.
کۆماری ئیسلامیی ئێران کە نفووز و پێگەی جەماوەریی حیزبی دێموکرات و لایەنەکانی دیکەی لە جەماوەریبوونی ڕەفتاری خەڵک لە سەرشەقامەکان و درووشمەکانی خەڵکدا دەدەدێت، هاتە سەر ئەو باوەڕەی کە دەبێ لە ناوەندی ئەم هێز و تێفکرینە بدات، ئەوە بوو کە لەم چەند ساڵەی دواییدا بە مووشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزب چ پێش لە شۆڕشی ژینا و چ دوای شۆڕشی ژینا - بەتایبەت کە ڕیزەکانی وەسەریەک کەوتنبوونەوە و هیواوهومێدێکی لەڕادەبەدەریان بە شەقام بەخشیبوو – هەموو هەوڵێکی بۆ نەهێشتنی ئەو ئادرەسە بوو. ڕووداوەکانی یەکساڵ و نیوی ڕابردووی ڕەوتی شۆڕشی ژینا و هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەریانخست کە کوردستان لە نواندنی ڕەفتاری یەکگرتووانە و جەماوەریدا هەنگاوەکانی لێبڕاوانەتر لە جارانن.
١١ی ڕەشەممەی ١٤٠٢ تازەترین و بەڵگەمەندترین ڕێکەوتە بۆ سەلماندنی ئەم ئیدیعایانە. کۆماری ئیسلامی ئێران بە کەڵکوەرگرتن لە هەموو هێز و نفووزی خۆی و تەنانەت پاڕانەوەی چەندین جاری خامنەیی ڕێبەری نیزام، ویستی لە هەڵبژاردنەکانی پارلمان و خوبرەگانی ڕێبەریدا بە هاندانی خەڵک بۆ هاتنەسەر سندوقەکەکانی دەنگدان لە ١١ی ڕەشەممەدا، بیسەلمێنێ کە ڕەوایی لە دەست نەداوە و خەڵک وێڕای ناڕازیبوونیان دیسان دڵیان لای ئەم ڕێژیمەیە! بەڵام ئەوەی ڕووی دا بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕێبەر و پارلمانەکەی جیا لە ناڕەوابوونیان، ڕیسوایی و شەرمەزارییەکی مێژوویی بوو.
لە ١١ی ڕەشەممەی ١٤٠٢ی هەتاویدا زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان بە نەچوونەسەر سندوقەکانی دەنگدان و بایکۆتێکی گشتگیری هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم، بۆ جارێکی دیکە و ئەم کەڕەتەیان بەرینتر لە جاران ڕەفتارێکی دیکەی جەماوەری و یەکگرتووانەیان تۆمار کرد. بەجۆرێک کە سایتی وەزارەتی نێوخۆی ڕێژیم تەنانەت بە پێوە زیادکردنی ڕێژەی دەنگەکانیش نەیتوانی حاشا لە سڕوساردتربوونی هەڵبژاردنەکان لە کوردستان بکات.
هێزی کوردستان لە بەردەوامیی خەڵک لە خەبات بۆ ویست و داخوازییەکانیان و یەکگرییان لە هەڵویست و ڕەفتارەکانیاندایە. ئەوەی ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامی ئیرانی لە کوردستان هەراسانی کردوە جێکەوتنی ئەقڵیەتی ڕەفتاری گشتی و چوونە قۆناغی جەماوەریبوونی خەباتی خەڵکی کوردستانە. لەم پێوەندییەدا هێزە سیاسییەکانی کوردستان و بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە لەم بارەوە ئەزموون و پاشخانێکی دەوڵەمەندی فکری و کردارییان هەیە، پێویستە بە دەرکێکی درووست لە ڕۆحی سەردەم و تێگەیشتن لە جۆرەکانی هەڵسووکەوت و ڕەفتاری کۆمەڵگە، خوێندنەوە و بەرنامەیان بۆ تەقوییەتی ئەم فازە لە خەباتی کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان هەبێت.