کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چڕبوونەوەی هێرشی دڕۆنی لە نێوان ڕووسیە و ئۆکراین

11:59 - 9 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی چوارشەممە ٨ی خاکەلێوە فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئۆکراین ڕایگەیاند کە ڕووسیە لە ماوەی یەک شەودا ١٣ دڕۆنی "شاهێد"ی بەرەو ئۆکراین هەڵ داوە، کە ١٠ دانەیان لە ناوچەکانی خارکیڤ، سومی و کیێڤ خراوەنەتە خوارەوە.

لەلایەکی دیکەوە، پارێزگاری ناوچەی بێلگۆرۆد لە باشووری ڕووسیە، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە لە تێلگرامی خۆیدا نووسیویەتی، یەگانی بەرگریی ئاسمانی ڕووسیە، ١٨ ئامانجی ئاسمانییان بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا کە هاوسنوورە لەگەڵ ئۆکراین خستووەتە خوارەوە، کە بەو هۆیەوە کەسێک بریندار بووە و زیانی ماڵییشی لێ کەوتووە.

لەلایەکی دیکەوە دیمیترۆ پلتینچوک، وتەبێژی هێزی دەریایی ئۆکراین ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، ئۆکراین لە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە شەڕەدا، یەک لەسەر سێی کەشتییە جەنگییەکانی ڕووسیەی لە دەریای ڕەشدا نوقم کردووە یان لەکار خستووە، ئەمەش گورزێکە لە توانا سەربازییەکانی مۆسکۆ.

بەرپرسانی مۆسکۆ سەبارەت بە زۆربەی ئیدعاکانی ئۆکراین بێدەنگ بوونە، بەڵام پێشتر زیانەدەریاییەکان لەلایەن میدیا سەربازییەکانی ڕووسیەوە پشتڕاست کراونەتەوە.

هەر لەو پێوەندییەداهێرشی بەرفراوانی دڕۆنیی ئۆکراین بۆ سەر پاڵاوگەکانی ڕووسیە لە چەند حەوتووی ڕابردوودا وای کردووە مۆسکۆ نەک هەر لە سەرەتای مانگی مارسەوە هەناردەکردنی بێنزین قەدەغە بکات، بەڵکوو هاوردەکردنی بێنزین لە بێلاڕووسەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

ڕووسیە کە سەردەمێک یەکێک لە گەورەترین هەناردەکارانی بەنزین بوو ، ئێستا لە بازاڕی نێوخۆدا ڕووبەڕووی کەمیی سووتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخی بێنزین بووەتەوە.