بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی و ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، لە گۆڕستانی شەهیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران یادی شەهیدان ڕێگای ئازادی و سەربەستیی کوردستان بەرز ڕاگیرا.
ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی، بەبۆنەی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، کۆمەڵێک لە کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی حیزبی دێموکرات لە گۆڕستانی شەهیدانی حیزبی دێموکرات، یادی شەهیدانیان بەرز ڕاگرت.
لەو یادەدا سەرەتا بەشداربووان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان ساتێک بێ دەنگیان ڕاگرت و دواتر لەلایەن کاک مستەفا مەولوودی، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکرات، خاتوو گەلاوێژ ئازەرەنگ هاوسەری شەهید ئەیووب هونەروەر و کاک زانیار ڕەحمانی هاوسەری شەهید ڕەیحانە کەنعانی و باوکی شەهید وانیار ڕەحمانی لە شەهیدانی مووشەکبارانی ٦ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، تاجەگوڵینەی وەفا لەسەر گۆڕی شەهیدان دانرا.
پاشان کاک مستەفا مەولوودی ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدان چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: نەتەوەی کورد لە مێژووی خەبات و تێکۆشانی خۆیدا بە تایبەت لە ماوەی ڕاپەڕینی ژینادا حەماسە و قارەمانییەتی بێوێنەی لە خۆی نیشان داوە .
بەرێز مەولوودی لە درێژەی قسەکانیدا وتی کە نەتەوەیەک کە خەباتکار و لەسەر حەق بێ و بۆ گەیشتن بە مافەکانی لە هیچ قوربانیدانیک نەکشێتەوە، دیارە کە داهاتووی ئەو نەتەوەیە ڕوونە و سەرکەوتەنەکەی مسۆگەرە.
کاک مستەفا لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ''ئێمە بە نوێنەرایەتیی هەموو تێکۆشەرانی دێموکرات و کەسانی سیاسیی بزوتنەوەی خەڵکی کوردستان، پەیمان لەگەڵ شەهیدەکانمان نوێ دەکەینەوە و تا سەرکەوتنی یەکجاری دێژەدەری ڕێگایان دەبین و ئەمەش ئەرکێکی نیشتمانی و ئەمەگەناسییە کە شەهیدانمان لەسەر شانی ئێمەیان داناوە.''
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، بەشداربووان بە دانانی گوڵ لەسەر مەزاری شەهیدان پەیامی وەفادارییان لەگەڵ نوێ کردنەوە.